بەهار هات هێنای بۆنی شللێران
بەفراوی هەڵڕشت لە ئاوهەڵدێران
بێری پۆل پۆل بوون لە مێرگۆڵەی جوان
گوێیان شل کردووە بۆ شمشاڵی شوان
کانیلەی پڕ ئاو لە بناری کێوی
خوڕخوڕ دێنە خوار وەک لیزگەی زێوی
قاسپەی کەوباران لە ماﮪ و زەردان
بەهاریان کردە دەرمانی دەردان
هەواران ڕەنگین لەسای ڕەشماڵان
گەزیزان پاراو لە ئاوی نواڵان
گرمەی مەشکۆڵەی کابانی خێڵان
کێو بە کێو دەڕوا کاتی بوولێڵان
دارستان سەوز و شکۆفە باران
خۆ دەلەنگێنن لە دەم ڕووباران
لەسەر هەر خەڵفێک مەلێک دەخوێنێ
شنەی بای نەورۆز ڕایان دەژێنێ. [1]
#1997-04-27#
#مەهاباد#
هۆنەر: #ناسر ئاغابرا-ژاکاو#
پەرتووکی: #کەژاوەی دڵ#