دەنگی چۆمە دەنگی چۆمی دێتە گوێم
خۆ لەوانە چۆم نییە ئەی من لە کوێم
دەنگێ چۆمەکییە چۆمی لێڵ دەکا
بۆ دزینی ماسیەکەی من فێڵ دەکا
من لە چۆمی ماسییەکم شک دەبرد
گەوهەری عیشقم لە دڵ پەروەردە کرد
ماسییەک بوو شۆخ و نازدار و نەجیب
کەوتە تۆڕی نابەکار و نانەجیب
دەنگی چۆمی دەنگی ماسیەکەی منە
دەنگەکەی هەر ماوە گەرچی لێم ونە
بۆیە گەر گوێ شل دەکەم بۆ دەنگی چۆم
دێتە خوارێ چۆمەکەی ئەسرینی خۆم
خەڵکی ئەو دم چۆمە ماسیم نادەنێ
یاوەرانی هاووڵاتی بمگەنێ
خەڵکی ئەو دم چۆمە زوڵمم لێ دەکەن
یاوەرانی ئەنجوومەن چم لێ دەکەن
سەروەسیتم بن ئەگەر هاتوو نەمام
هەر لەدم چۆمیم بنێژن وەک نەمام
تا ئەگەر ڕێی کەوتە دەم چۆمی گوڵم
پێ بزانێ کوێیە شۆنی مەنزڵم
تاکوو بمبینێت و بیبیسێ بە گوێی
گەر نەیاندامێ، منیش مردم لە سوێی[1]
#1995-08-06#
#بەردەڕەشان#
هۆنەر: #ناسر ئاغابرا-ژاکاو#
پەرتووکی: #کەژاوەی دڵ#