ئەو پارچە شیعرەم لەسەر داخوازی هونەرمەندی کۆچکردوو کاک مەحەمەدی ماملێ نووسی و لە ماڵە خۆشی پێشکێشم کرد.
گەردوون، گەر ئاهێک لە دۆزەخی دڵ
بکەم ڕەوانە بەرەو تۆی غافڵ
بۆچەک لە تەخت و بەختت هەڵدەستێ
چەرخی چەپگەردت لە گەڕ دەوەستێ
تاقی میناییت لێ دادەبێژم
داخی زەمانەت پێ هەڵدەڕێژم
چونکە هەر ناڵیم لە داخی دەورت
قەت بێبەش نەبووم لە تیغی جەورت
جەفا لە دونیا نەما نەیبینم
ڕۆژێک دڵشادم، دە ڕۆژ خەمگینم
یادی غەریبان، لە دڵم بارن
وەک پیری کەنعان دوو دیدەم تارن
ڕۆژم لێ شەوە و شەوم دەیجوورن
هەواری سەوزی دڵم خاپوورن
تا کەی مەینەتی فیراق و دووری
خۆ من ئەییووب نیم تا کەی سەبووری
قەدی چەماندم خەمی زەمانە
تەمەن بەسەر چوو نەمدی فەرعانە
فەلەک بڵێی قەد نەکەومە شادی
بڕۆم لە دونیا بە نامرادی
ئەگەر دەمێکی لە ڕۆژگارم
شەهێنی ئیقبال ببێتە یارم
بگەم بە ئاوات بە کامەرانی
کەساسیم ببێ بە شادمانی
شنەی بزەی لێو بەری پەژارە
خەزانی زەردیش لە من بەهارە. [1]
#1994-04-06#
#مەهاباد#
هۆنەر: #ناسر ئاغابرا-ژاکاو#
پەرتووکی: #کەژاوەی دڵ#