ئێمەی مرۆڤگەل چەوت و چەوێڵین
کۆیلەی مەرام و پیلان و فێڵین
بووین بە نێچیری تەڵەی سەد هەڵە
پەڵەی نابووتی نەخشی تەوێڵین
شەیدای پایزین، بەﮪار گڕئەدەین
دوای دڕک کەوتووین، گوڵ بەجێدێڵین
بەﮪەشتی خۆمان کرد بە جەهەننەم
لەناو دۆزەخدا بۆ بەﮪەشت وێڵین
تەوقمان کردە مل تەوقەی ئاشتیمان
مەزەی مەزﮪەب و خادمی خێڵین
ئێمە وەک تاڤگەی تەبایی ﮪاتین
وا کانیی کینەی لێخن و لێڵین
لە تراویلکەی دنیای خەیاڵدا...
لە پرخەی خەودا لە گەشت و گێڵین
لای بوکی شادی هانکەی ﮪەنسکین
لەسەر تەرمی شین بسکەی سمێڵین
وەردی بڕاوە کێڵگەی خۆشبەختی
کەچی بەیاری نەیار ئەکێڵین
لە باخی بەریی بەختەوەریدا...
باخەوانێکی بێ پاچ و بێڵین
نووسەر: #موتیع جەباری#. [1]