ئەجوائى سینەماکانى جاران
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
لە بابەتى سینەماى جاران، حەز دەکەم هەندەک ئەجوائى ئەو سەردەمەتان لۆ بگێرمەوە کە لە یادەوەرى زۆربەماندا وەکى نەقشى سەر بەرد لە هزر و مێشکداندا مایتەوە. با سەرەتاش لەوەوە دەست پێبکەم کە دیعایەى فلیمەکان لەسەر لەوحەکەى سەرشانى (غازى) بەناو بازاڕدا دەگەڕاو (مستۆ)ش بەدەنگە گەورەکەى هاوارى لۆ فلیمەکان دەکرد. ئەوجا کە تەماشاى پۆستەرى فلیمەکانمان دەکرد و حەزمان دەچوویە، ڕوومان وەردەگێڕا لۆ لاى سینەما حەمرا.
ئەو کاتى سینەما 3 عەرزى هەبوو. لەرۆژانى ئاساییدا سەعات 10 بەیانى، سەعات 4 عەسر، شەوانیش سەعات 7 ئێواران. لەرۆژانى جومعەش کاتەکى ئیزافى هەبوو کە سەعات 1ى پاش نیوەڕۆ بوو. لە گێژنەکان وەزعەکە دەگۆڕا و دەبووە پێنج عەرز، سەعات 9 و11 و 2 و 4 و 7ى شەو.
پێش ئەوەى بچینە ژۆرێ، لەپێش دەرکەى سینەما خڕ دەبووینەوە، ئەوەى برسیبایە لەفەیەکى هێلکە یان مۆخ و زمانى لەلاى مام نادر دەخوارد بە تورشى سۆرەوە کە بەتامترین خواردنى دونیا بوو. دواى ئەویش بیبسى و کۆکایەکى حاجى نامیق کە دوکانەکەى بەرامبەر سینەما بوو، فەرعەکیشى لە تەنیشت دەرکەى سینەما بوو پەنجەرەیەکى بەناو هۆڵى سینەما کردبووەوە. مام وەهاب و حاجى کەریمیش دوکانیان لە تەنیشت دەرکەى سینەما بوو، شەکەراتیان دەفرۆشت.
ئەوجا دەچووینە ناو هۆڵى سینەما کە حەفت جامخانەى گەورەى تێدابوو، هەر یەکە و کۆمەرەک ڕەسمى فۆتۆگرافى ئەحداسى فلیمەکانى لەسەر هەڵواسرابوو. جامخانەى یەکەم کە لە تەنیشت دەرکەى بوو، وێنەى فلیمەکەى ئەو ڕۆژەى لەسەر بوو کە ئیشى دەکرد و لەسەرى نووسرابوو (یعرض حالیا) کە دەسووڕایەوە لە تەنیشتى جامخانەیەکى دى هەبوو لەسەرى نووسرابوو (العرض القادم) واتە فلیمى داهاتوو. ئەوجا ئەوانی تر هەموویان وێنەى ئەو فلیمانە بوون کە هێشتا نەگەیشتبوون تەنها دیعایەکانیان گەیشتبوو. هۆڵەکەش دەیان پۆستەرى گەورەى زۆربەى فلیمى عارەبى و ئەجنەبى و هیندى و تورکى لەسەر دیوارەکانیان هەڵواسرابوون کە چاوەڕێ دەکرا بگەنە #هەولێر#.
ئیدارەى سینەما هەر لە هۆڵەکەى دەرەوە بوو، بێجگە لەویش ژوورەک بە پەنجەرەکى زۆر گچکە لۆ فرۆشتنى بیتاقەى سینەما لە هۆڵەکە بوو. ئیدارەى سینەما هەتا سارانى کۆتایى شێستەکان کاک ڕەفیق بوو، دواتر کاک سەید مستەفا ناسراو بە (قەمبوور) و کاک یونسى براى کە دوو کوڕى زۆر نازدارى هەولێر و لە بنەماڵەیەکى بەڕێز و ڕەسەنى هەولێر بوون ئیدارەکەیان گرتەدەست، کاک گەیلانى برا بچووکەکەشیان زۆر کەم دەهاتە ئەوێ چونکە زیاتر خەریکى خیندن بوو، ئێستا حاکمەکى بەڕێزى هەولێرە.
قاعەى عەرزى فلیمەکان زۆر گەورەبوو، دابەشى سێ بەش بوون، چلبایى کە حەفت هەشت ڕێز کورسى درێژى تەختەدارى لەناو داندرابوو جیگاى تەقریبەن 200 کەسى لێدەبوەوە، دواى ئەو دیوارەکى درێژ کرابوو بەشى 70 باییەکەى جیا دەکردەوە کورسییەکانى جلد بوون، بەشى سەرەوەش کە هەشتایى بوو کورسییەکانى ئیسفەنج بوون، لە پشتیشیانەوە لۆج هەبوو کە هەر یەکیان چوار کورسى تێدابوو تایبەت بوو بە عائیلەکان، ئەوانیش هەشت لۆج بوون.
دواى ئەوەى چاوەکمان بە ڕەسمى ناو جامخانەکانەوە دەگێڕا، بیتاقەکەمان دەبڕى و دەچووینە ژوورێ. یەک بەخۆم هەر جارەکى بچوومایە سینەما یەک سەعات پێش هەموو کەسەکى دەچوومە ژوورەوە، زۆرجار یەکەم کەس دەبووم بچمە ناو قاعەکە ئەویش لەبەر ئەوەى ئەمن زۆر عاشقى ئوم کەلسومى بووم، عادەتیش وابوو پێش دەستپێکردنى فلیمەکان گۆرانییەکانى کەلسوم و محەمەد عەبدولوەهاب لەموکەبیرەى ناو هۆڵەکە لێدەرا، ئەمنیش هەر لەبەر ئەوانە زۆر زوو دەچوومە ناو قاعەکەوە و گێم لە گۆرانى (کل لیلە و کل یوم) ى ئوم کەلسوم و (قولى عملک ایە قلبى و هان الود) عەبدولوەهابى دەگرت.
لەناو قاعەى سینەماکە کەسەک دەهات و سندوقەک بیبسى یان کۆکا یان سیفونى دەگێڕا، یەکیدیش تۆ کودى یان گوڵەبەڕۆژەى دەفرۆشت، جارجاریش ساڵحە قەمبوور کێکى بەعەینەکى دەهێنایە ناو هۆڵەکە. گێژنان لەخوارەوەى چل باییەکە پەنجا شێست سندووقى بیبسى دادەنرا چونکە ئەوکات بازاڕەکەیان زۆر گەرم دەبوو. زۆرجار ئەو کاغەزەى تۆو گوڵەبەرۆژەکەى تێدەکرا دەمانکردە کۆلارە و هەڵماندەدایە سەقفەکەى ناو سینەما، ئەوجا تەماشاى سەقفەکەت بکردبایە دەیان کۆلارەى کاغەزى پێوە نووسابوو. لەهەر بەشەکى هۆڵەکە کەسێکیان دانابوو بەلایتەوە کورسى بەتاڵى پێشانى ئەو کەسانە دەدا کە دواى کووژاندنەوەى گڵۆپەکان و دەستپێکردنى فلیمەکان دەهاتنە ژۆرێ. پێش ئەوەى فلیمەکانیش دەستپێبکەن، موقەدیمەى کۆمەرەک لەفلیمەکان پیشاندەدران، ئەو فلیمانەى چاوەڕێ دەکرا بێتە هەولێر، وەکى ئەوەى ئێستا لەکەناڵە ئاسمانیەکان دەبینین هەندەک مەقتەعى فلیمەکان پێشان دەدەن.
عادەتەن بەزمە گەورەکە لەگێژنان دەستیپێدەکرد، چونکى زۆربەى منداران هەر لەپێش دەرکەى سینەما یەکە و دەمانچەیەکى تۆمتەرەقەیان دەکڕى و لەگەر دەستپێکردنى شەڕى ناو فلیمەکان دەیانتەقاندەوە و ناو هۆڵى سینەماکان دەبووە بارووتخانە. بێجگە لەوانەش هەندەکیان دمبکیان دەهێنا و لەگەر بەزمى ناو سینەما دەیانکردە ڕۆژى حەشر، بەتایبەت ئەو کاتەى کچەکەى ناو فلیمەکان لەلایەن عەسابەکانەوە دەگیراو بەتەڵ فلیمەکە لاولاوە پەیدا دەبوو بەغاردان لۆ ئازادکردنى کچگە دەگەشتە سەریان، ئا لەو دەمە هەرچى تۆمتەرەقە و دمبک هەیە لەناو قاعەکە دەیکردە هەراو و هاتوهاوار دونیایان دەهەژاند. جارجاریش کە کارەبا دەکووژایەوە، یان فلیمەکە دەپچڕا هاوار و هۆیها دەستیپێدەکرد، بەتایبەت ئەگەر لەقتەیەکى نیمچە ڕووتى تێدابایە دەچڕا، منداریش هاواریان دەکرد قەمبوور دزى. نەیاندەزانى قەمبوور هیچ دەستى لەو شتانەدا نەبوو، بەڵکوو دائیرەى ڕەقابەى بەغدا نەیاندەهێشت ئەو دیمەنانە پێشانبدرێ لەبەر ئادابى کۆمەڵایەتى. هەرچەندە دواى هاتنى حوکمى #بەعس# لەکۆتایى شێستەکان ڕەقابەى بەغداش ڕێگاى کردەوە لۆ هەندەک فلیمى یونانى و فەڕەنسى لەسینەماکان کە ئەفلامى بێ ڕەوشت بوون، بەڵام دیاربوو ئەوانە هەمووى لۆ تێکدانى شیرازەى کۆمەڵگە و بەنجکردنى گەنجەکان بوون.
زۆرجار لەو سەردەمە بیتاقەى سینەمایان دەهێنایە ناو مەکتەبەکان و بەنیوە قیمەت دەیانفرۆشتە تەڵەبەکان، بەتایبەتى ئەگەر فلیمەکان دینى بوونایە یان ئیستفیادەى لۆ پێگەیاندنى منداران هەبایە.
فلیمەکان بە دوو بەش عەڕز دەکران، لەنێوانیان فەترەیەکى ئیسراحەت هەبوو کە چارەگە سەعاتەک بوو، ئەوجا لەودەمە هەندەک مندار لەپێش دەرکەى سینەما خڕ دەبوونەوە لۆ کڕینى بیتاقەى خروج. یەک هاوارى دەکرد کێ دەکڕى، یەکێش دەیگۆت کێ دەفرۆشى؟ ئەوەى پارەى بیتاقەى سینەماى پێنەبوایە خرووجەکەى دەکڕى هەر نەبى نێوەى ئەخیرى فلیمەکە ببینى، ئەوجا هەبوو بە دە فلس و پازدە فلس خرووجەکەیان دەفرۆشت.
لەکۆتایى ئەو زنجیرە نووسینانەم لەسەر سینەماى جاران، حەزمکرد هەندەک باسى ئەو کەسانەش بکەم کە لە پشت ئەو هەموو خۆشى بەخشینە بوون بە جیلە ئاڵتونییەکە. بروا ناکەم هیچ نووسەرێک یان ڕۆژنامەنووسێک ڕۆژێ لەرۆژان ئەو کەسانەیان لەبیر بێ. لۆیە وەکوو ڕێزلێنانێک لەوانە کە ناویان دەنێم (سەربازە ونەکانى) زەمەنى ئاڵتونى، حەزمکرد باسى هەندەکیانتان لۆ بکەم.
لەپێش هەموویانەوە پیاوى نازدارى هەولێر ڕەحمەتى سەید مستەفا سەید محەمەد ئەمینى خاوەن سینەماى حەمرا کە پیاوەکى زۆر موحتەڕەم و لەسەرخۆ بوو، تەحەمولى بەقەدەر چیاکانى کوردستان بوو، وەکوو باوکێک مامەڵەى لەگەر مندارەکان دەکرد و قەت لێیان تووڕە نەدەبوو سەربارى ئەو هەموو تانە و توانجانەى لەناو هۆڵەکەیدا بەرى دەکەوت. کاک سەید یونسى براشى مرۆڤەکى جوان بوو، ئەویش لەگەر سەید مستەفا زۆر هیلاک دەبوو بەخزمەتەکانى لۆ خەرکى هەولێر، پێشتر سینەماکە لەلایەن مام ڕەفیقەوە بەڕێوەدەبرا تا کۆتایى شێستەکان دواتر وابزانم چووە سینەما سەڵاحەدین. سینەما سیروانیش لەلایەن کاک سەڵاح ناوێک بەڕیوە دەبرا ئەگەر هەڵە نەبم.
لەچلباییەکە مام واحید لەپێش دەرکە بیتاقەى وەردەگرت، لەحەفتاییەکەش مام قادرە درێژ، لەهەشتاییەکەش مام غەنى، کە لەژوورى تەکنیکى فلیمەکانیشى ئێش پێدەکرد. لەژوورى بیتاقە فرۆشتنیش کاک شاکر و کاک مارف. حەڕەسەکیشى لێبوو ناوى مام خەلیل بوو کە پیاوەکى عەجەمى بەئەسڵ ئێرانى بوو. بێجگە لەوانەش تەبعەن مستۆ و غازى کە لەوحەى فلیمەکانیان لەبازاڕ دەگێڕا، جارجاریش ئەبوو سەباحى مسەوڕ ئەو ئەرکەى دەگرتە ئەستۆى.
لێرەدا کۆتایى بەو بیرەوەریانە دەهێنم و هیوادارم هەر ساغ و سەلامەت بن و لەکۆرۆنا بەدوور بن.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!