ئێوارە بوو
ئاسۆ مەکۆی چەند گەواڵ و پەڵە هەوری ئاوارە بوو
بە دڵێکی پڕ تاسە
نوقمی فرمێسک و هەناسە
بەرەو جێژوانەکەی جاران
لە لێوارەی کانیاوی نازداران وەڕێ کەوتم
لە ڕێگەدا دیم عافرەتێکی چەماوە لە دەم ئاو چۆکی دادابوو
چارشێوێکی بەفرینەی بە خۆی کێشابوو
قژی سپی لە خمی شین هەڵکێشابوو
زامی پەنجەی بەسەر گۆنایەوە مابوو
دیار بوو زۆر جار ڕووی ڕنیبوو، لە خۆی دابوو
دوور دەنگم دا:
تۆ چ کەسی؟ ئەی ئادەمی
وا دڵتەنگ و پەرێشان و دڵ بە خەمی
بانگی کردم:
هەوراز وەرە
جارێ تۆ بڵێ چ کەسی
من ئاشنام گەر شیرت پاک بێ دەمناسی
پڕ بە چیا هاوارم کرد:
من شاعیرم
من خاوەن هەست و دڵڕفێن و ماهیرم
لە دەستم دێ
بە چینی وشەی ئاگرین هەورەتریشقە بەدی بێنم
درک و داڵی سەر ڕێبازی ڕێبواران بسووتێنم
دەتوانم ببمە زریانێک
لە ئامێزی بەهار و خاکەلێوەدا
لالەزاری باخی شەدداد وەکوو پاییز بتەکێنم
لە دەستم دێ
ببم بە بوومەلەرزەیەک
هەزار قەڵای قورس و قایم بڕووخێنم
دەتوانم ببمە دەریایەک
لە شەپۆلێک هەزار لافاوی کەشتی خۆر وەدی بێنم
بە لافاوێک هەزار پاپۆڕ بخنکێنم
جاری وایە دەبم بە بولبولی دەنگخۆش
لە لووتکەی کێو بە سۆز و جۆش دەچریکێنم
دەکەومە سەر زمانی دایکی نیشتمان
نیوەشەوان بۆ ڕۆڵەکان لایەلایەیەک دەخوێنم
بەو ئاهەنگە، لە یەک شەودا بە یەک دەستم
میلیۆن، میلیۆن، لانکی گەلم ڕادەژێنم
میلیۆن، میلیۆن کۆرپەی گەلم دەخەوێنم
دەنا دەبم بە گۆرانی
لەسەر لێوی کوڕ و کچانی نیشتمان دەچریکێنم
باوەش، باوەش خونچەی ئاوات و ئارەزوو دەپشکوێنم
بەهاری نیشتمانی پێ دەڕەنگێنم
جا چۆن ئێستا نەتناسیوم؟!
لە ڕیزی گەورە هێزەکان نەتنووسیوم!...
دایەپیرە لەو لاما بە دەم ناڵەوە پێی گوتم:
کوڕی دایەی، هێندە مەڵێ من شاعیرم، من شاعیرم
شاعیرێک کە ڕێگەی خۆی لێ نەگۆڕابێ
وشە و ڕستە جوانەکانی لە پێناوی بریقەبریقی زێڕ و زێودا نەدۆڕابێ
بۆ گەلەکەی کوڕێکی باش و بەکەڵکە
شاعیر تەنیا هەر کوڕی دایکی خۆی نییە، کوڕی خەڵکە
هێندە مەڵێ من شاعیرم، من بە کەلامم ساحیرم
دایەپیرە پێی دەگوتم و بۆ لام دەهات
لە داوێنی بۆنی خاک و خۆڵەکەی نیشتمان دەهات
ناسیمەوە بەڵێ دایکی نیشتمان بوو
دایکی من و زگسووتاوی گەلێک قەبری پیر و جوان بوو
ئەوجار زانیم من بێ ئەدەب جووڵامەوە
لەوەی زیاتر چاو و ڕاو و دم هەراشی پەسەند نەبوو بەلامەوە
سەری گێژم بەردایەوە و زەرد و خەجاڵەت مامەوە
لە دواییدا وەکوو کوڕێکی بەئەمەگ
بە ئایینی وەفاداران، سێ چوار جاران
سەری ڕێزم دانواند و
دەموچاوم لەسەر خاک و خۆڵ خەواند و
دەست لەسەر سینگ گوێ بە فەرمان، هێدی هێدی کشامەوە
لەو ڕۆژەوە هەر کوتوومە من شاعیر نیم
بەو هێزەوە گەر نیشتمانم ئاوا دی زۆر بە خۆمدا شکامەوە
باوەڕ بکەن زۆر بە خۆمدا شکامەوە. [1]
هۆنەر: #ناسر ئاغابرا-ژاکاو#
پەرتووکی: #کەژاوەی دڵ#
ڕۆژی: #1994-07-02#
شوێن: #بەردەڕەشان#