ناونیشانی بابەت: شوێنەوارناسان لە ئەشکەوتی پڵنگان پاشماوەی ژیانی مرۆڤ و ئامێری بەردین دەدۆزنەوە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
شوێنەوارناسانی زانکۆی ئۆتۆنۆمۆسی بەرشلۆنەی ئیسپانی، بە هاوکاریی شوێنەوارناسە ناخۆییەکان، لە ئەنجامی کنە و پشکنیندا، توانییان لە (#ئەشکەوتی پڵنگان#) لە سنووری قەزای #خەلیفان#، پاشماوەی ژیانی مرۆڤ وەک: ئێسک و پرووسکی ئاژەڵ و خەڵووز و ئامێری بەردین و چەند پارچە گلێنەیەک بدۆزنەوە.
لەمبارەیەوە حوسێن چۆمانی، لە ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، بە (باسکورد)ی ڕاگەیاند: لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەی زانکۆی ئۆتۆنۆمۆسی بەرشلۆنەی ئیسپانی، بۆ کاری هەڵکۆڵین و کنە و پشکنین، لە چەند شوێنێکی ئیدارەی سەربەخۆی #سۆران#، بەتایبەتیش گردی بانەهێلک لە قەزای سۆران، تیمێکی هەمان زانکۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی شوێنەواری زانکۆی سەڵاحەدین و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران، کاری هەڵکۆڵینیان لە ئەشکەوتی پڵنگان لە سنووری قەزای خەلیفان سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجام دا.
گوتیشی: لە دەرەنجامی کنە و پشکنینەکانیان لە ئەشکەوتی پڵنگان، توانییان پاشماوەی ژیانی مرۆڤ وەک: ئێسک و پرووسکی ئاژەڵ و خەڵووز و ئامێری بەردین و چەند پارچە گلێنەیەک بدۆزنەوە، ئەوەش بەلای ئەوانەوە گرنگی و تایبەتمەندیی زۆری هەبوو، چونکە دەرخەری ئەوەن، کە هەزاران ساڵ لەمەوبەر ژیانی مرۆڤایەتی لە دەڤەرەکەدا هەبووە.
ئاشکراشی کرد: بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لە شێواز و قەبارەی ئامێرە بەردییەکان، کە لە ئەشکەوتی پڵنگاندا دۆزرانەوە، دەرکەوت، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ (10- 12 هەزار ساڵ پ.ز).
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: بەپێی گرێبەستەکەیان، وەرزی کاری هەڵکۆڵین بۆ ساڵی 2024 لە لایەن زانکۆی ئۆتۆنۆمۆسی بەرشلۆنەی ئیسپانی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی شوێنەواری زانکۆی سەڵاحەدین و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری سۆران کۆتایی هات، بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەشیان، ئەوا پەیوەندیی بە خۆیانەوە هەیە، ئایا لە وەرزەکانی داهاتووشدا بەردەوام دەبن لە کاری کنە و پشکنین لە سنووری ئیداری سۆران یان نا.“[1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=