زین و لغاوی ئەسپی با فڕێ دەدەم.
بە کۆڵانی خۆڵەپۆتینەی زەمانا چوارناڵ دەڕۆم.
لەپشت سەرم بارانی تۆزە دەبارێ.
لە کانیاوی تراویلکە دەڕوانمە خۆم:
تراویلکە، ئاوێنەیەکی تێکچڕژاو.
کەمەندی دەست ڕەیاڵ دەکەم،
لە قەدی ئاسۆی باڵێنم:
ئاسۆیە و ئاسکێکی ڕەوەک.
دە ئەسپی هەنگاوم دەخوڕم:
ئاسۆیە و قەڵای سەهۆڵین.
توند باوەشی پێ دا دەگرم:
ئاسۆ، چیایێکی هەورین!
ئەرێ ئاسۆ ڕووبارێکە،
هەرماسی سەربەستیی خەون
دەتوانێ مەلەی تیابکا؟!
ئاسۆ گەواڵە هەورێکە،
هەر بای خەیاڵ
دەکرێ باوەشی پیا بکا؟! [1]
هۆنەر: #مارف ئاغایی#
پەرتووکی: #زەوی سەخت و ئاسمانی دوور#
ساڵی: 1993