چیت گەرەکە؟
بۆ ڕێم نادەی ئەو پرچە شینانەی دەریا دابهێنم
بۆ چی بوویی بە دایکم و
ناهێڵی ئەم خاکە جوانە ماچ بکەم و
خۆشەویستی بۆ مەلی ماندووی ئەندێشەم
بکەم بە دان و هێلانە
تا کەی هەوری دوودڵیی تۆ ئەم ئاسمانە جێ ناهێڵێ
تا کەی ... تا کەی دەستی ڕەشت لەنێو سنگی ئاواتمدا
هەر تۆی نامۆیی ئەچێنێت
دە واز بێنە... دە تۆ خوا ئیتر واز بێنە
با دەس ببەم ئەم تۆزانەی شانی چیا
بتەکێنم
دەس هەڵبڕم ڕوو بە شنە ڕایوەشێنم
بە لەپی دەست ماچ بنێرم بۆ خۆرەتاو
دە ڵێم گەڕێ با دەم بنێمە دەمی ئاو
تینوویەتی زمانی شکاندووم
ڕێگام بدە ئەم پەنجەرە بکەمەوە
هەناسە بەم
ئیتر هەوای ناو ژوورەکەم بۆنی بێکەسیی گرتووە
ئیتر پێنووس و ژوورەکەم لە یەکتر جیا ناکرێنەوە
ڕەش هەڵگەڕام
دە واز بێنە، دەستت لەسەر بینم لابە
***
دائەچڵەکێم،
«ئای لەم خەوە نازانم بۆ جارنەجارێ ئا لەم خەوانە ئەبینم». [1]
هۆنەر: #ژیلا حسێنی#
پەرتووکی: #گەشەی ئەوین#