ناونیشانی بابەت: چەند تێبینییەک لەبارەی (زوحاک) و دوا پاشای مادەوە
ماوەیەکە هەندێ کەس چیرۆکی کاوە و زوحاک بە ئاوەژوویی دەگێڕنەوە و لە سۆنگەی ئاوەژوو گێڕانەوەی ئەم چیرۆکەشەوە، زوحاک وەک پاشای ماد و کاوە بە خائین ناو دەبەن. ئەو کەسە ناشارەزایانە، (زوحاکی ناو ئوستوورەکان)یان لەگەڵ (ئاستواگێس-ی مێژوویی (دوا پاشای ماد)) لێ تێک چووە! لە کاتێکدا ئەم تێکەڵکردنە تەنیا بەرهەمی لێکچوونی ئەم دوو ناوەیە و بەس.
دوا پاشای ماد لە کتێبی (مێژوو)ی هیرۆدوت (1,46) بەشێوەی (ئاستواگێس Άστυάγης)
و لە (پرسیکا)ی کتسیاس (19) بە شێوەی (ئاستوئیگاس Άστυϊγάς) تۆمار کراوە و لە زمانە ئەورووپاییەکانی ئێستاشدا بە شێوەی ئاستیاژ (فەرەنسایی)، ئاستیاجیس (ئینگلیزی) و ئاستیاگێس-ی (ئاڵمانی) گۆ دەکرێ. رێنووسە ئەکادییەکەشی لە (رویدادنامە نبونید)، (RINB 2, Nbn. 28, i 29) بە شێوەی (ئیشتومێگو mIš-tu-me-gu) تۆمار کراوە.
لە هەر دوو رێنووسە یۆنانی و ئەکادییەکەیدا، رەنگدانەوەی ریشە #ماد#ییەکەی (ئەرشتی وەئیگە *Ṛšti-vaiga)، بە واتای (سەکڤان یان تیرهاوێژ)ە. بە پێچەوانەی بۆچوونی هەندێ کەس، ناوی دوا پاشای ماد (ئەرشتی وەئیگە) دوورونزیک پێوەندییەکی لەگەڵ وشە #ئاڤێستا#ییەکانی (ئەژدهاک یا ئەژی دەهاک)، بە واتای (مار/ ئەژدیهاسووتێن)ەوە نییە و بەس لە سۆنگەی هەڵەی گۆکردنەوەیەتی، کە لە رێنووسەکەی بە شێوەی (ئاستیاگ) بە ئەلفابێتی لاتین نەختێک لە (ئەژی دەهاک)ەوە نزیکە. ناوی (زوحاک) بەعەرەبیکراوی (ئەژی دەهاک)ی ئەڤێستایی و (ئەزدەهاگ)ی فارسیی ناوەڕاستە.
هیرۆدوت دەڵێ: دیائوکۆ (دیاکۆ) لەناو خەڵکی مادی وڵاتەکەی خۆیدا کەسێکی ناودار و رێزدار بوو، خەڵکەکەی زۆر رێزیان لێ دەگرت و دادوەریی ئەویان لە هەموان لا پەسندتر بوو. هەر کە مادەکان بڕیاریان دا پاشایەک بۆ خۆیان هەڵببژێرن، گشتیان یەکدەنگ هاواریان کرد و گوتیان: ”دیائوکۆ“ کەوابوو ئەوە دیائوکۆ بوو کە مادەکانی یەک خست. دیائوکۆ دوای چوونە سەر تەخت، شاری ئێکباتان (ھەگمەتانە)ی ئاڤا کرد و کردی بە پایتەختی خۆی. حەوت شوورا بە دەوری شارەکەدا کێشرابوون. رەنگی قەڵبە و کونگرەی برجەکان لەدەرەوەڕا بۆ ناوەوە، سپی، رەش، سوور، شین و نارنجی بوون.
بەپێی گێڕانەوەکەی هیرۆدوت، ئاشوورییەکان 250 ساڵ فەرمانڕەوای ئاسیای سەروو بوون، تاکوو مادەکان بۆ یەکەمین جار دژیان راپەڕین، مادەکان کە بۆ سەربەخۆیی خۆیان شەڕیان دەکرد، بوون بەو خەڵکە ئازایانە، کە نیری بندەستیی ئاشوورییەکانیان لەئەستۆ داڕنی و خۆیان رزگار کرد و پاشان بوون بە پێشەنگی خەڵکانی دیکەش، فرەوەرتیشی پاشای ماد، سەرجەم نەتەوەکانی ئاسیای یەک بەیەک خستە ژێر فەرمانی خۆیەوە، بەڵام لە شەڕ لەگەڵ ئاشوورییەکاندا کورژرا.
دواجار کەیخوسرەو (هوەخشترە)، کە یەکەم پاشا بوو، کە لە ئاسیا سوپایەکی رێکوپێکی پێکەوە نا و سوپاکەی کرد بە چەند دەستەی رمدار، تیروکەواندار و ئەسپسوارەوە، ئاشوورییەکانی تێک شکاند و ئیمپراتۆرییەکەیانی رووخاند.
نووسینی: وەزیر منبەری
وەرگێرانی: فەرهاد ئەکبەری
سەرچاوە: کاناڵی تێلگرامی (کردستان نامە). [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=