لووتکە
بۆ #هەڵەبجە#
دیسانەوە مۆتەی دوژمن بە پێکەنین
چاوی هیوای گوڵ ئەشۆرێ
دیسانەوە دەستی ڕەشی کیمیاوی خۆی
بە ڕوومەتی شاخدا دێنێ
دیسانەوە، قات و قڕ بوو بزە و کەنین»
***
کامە زامت خۆش کەمەوە
ئەی خوشکە دڵ سووتاوەکەم
بە کام زمان بتدوێنم
هۆ دایکە جەرگ بڕاوەکەم
پرچی ئاڵۆزی سەرشانت بە کام شانە دابهێنم
خەم و تاسەت، بەکام لاوک و کام هۆرە بلاوێنم؟!
***
ئەی خوشکەکەم
تۆڵەی ئەوینی سووتاوت
دار و بەردی زەوت کراوت
بە کام کێردی دەم خوێناوی بۆ بسێنم؟
ئەمە یەکەم جاری نییە
کە ئەم گورگە دەم خوێنینە
دەروونی وک ژووری شێدار
شیری سەر ملی ڕووتەڵە و هەژار
دایکی دێوی نەزانین و هەڵە و فریو
دێت و تیتل و بیبل ئەخوات
شیری مەمکەی شاخ وشک ئەکات،
بزە و شادی لە دارستان
لە چیمەن و دار و بەرد و ڕووبار ئەدزێت
هەر وەکوو دز، وەکوو جەردە!
سەر ڕێگا بە بەهار ئەگرێت.
***
ئەی خوشکەکەم
هۆ ئاوارەی وڵاتە سەر شکاوەکەم
دەیان شەوە شیعرەکانم، وەک مناڵێکی زۆر برسی
مەمکەی وشکی خاک هەڵئەمژن
دەیان شەوە مۆم و پێنووس و ژوورەکەم مانیان گرتووە
دەیان شەوە، خەو لە چاوم نەکەوتووە
بەڵام... بەڵام
ساتێ نییە خۆم نەبینم بە لووتکەوە
خەمەکانم نەدەم بەدەم برووسکەوە. [1]
هۆنەر: #ژیلا حسێنی#
پەرتووکی: #گەشەی ئەوین#