ئەڵێن گوایە هەموو شەوێ
سەردانی ئەم شارە ئەکات
گوێ بە دەرکەی زامەکانمانەوە ئەنێ
لەسەر پەنجە دانە دانە جێمان دێڵێ
خۆم نەمدیوە
بەڵام ئەڵێن باڵای بەرزە وەکوو تاسە
نێوشان پانە وەکوو خەفەت
چاوانیشی وەکوو هیوا پڕ بریسکە
سمێڵ ڕەشێکی قەترانی
وەکوو شەوانی تەنیایی و چاوەڕوانی
دەستی بە زەبر و توانایە
زەردەخەنەی لێویشی پڕ لە مانایە
نەشمدیوە و خۆشم ئەوێ
شەوان چرکە لە خۆم ئەبڕم
چاوەکانم بە بسکی خاوی مانگەوە هەڵئەواسم
بەڵکوو بێت و ئەمجارەیان گوێ بۆ چرپەی ڕازەکانی
من ڕابگرێ
دڵنیام گەر تەنیا جارێ
خاتوونی ئازارەکانی من ببینێ
جێی ناهێڵێ... [1]
هۆنەر: #ژیلا حسێنی#
پەرتووکی: #گەشەی ئەوین#