ئەمشەو خەڵکی شار پەنجەرەکانیان خڕ داخستووە..
تەنیا من نەبێ پەنجەرەکەمم خستۆتە سەر پشت
کێ وەک من پێکی لە غەمی گەڵای زەرد لێوڕێژ ئەکا؟..
هاکا بە باڵای دارێکی ڕووتا.. خوێنی خۆمم ڕشت
***
لق و چڵەکان بوونە هەزاران دەستی پڕ نزا و
«با» تەرمی ملیار گەڵای شەهیدی داوە بە کۆڵا
ئەفسوس گەڵاکان ئەکەونە ژێر پێ..
سەرگەردان ئەبن لە گەرد و خۆڵا
***
ئەمشەو گەڵاکان پەروانەی مردوون..
ناچنە دیداری چرا و گڕی مۆم
ئەمشەو گەڵاکان ماسی مۆمیان و
شاد نابنەوە بە ڕووبار و چۆم
***
جار نا جارێکیش شەپۆلی یادێ..
ئەمباتەوە لای ئەو پیرە دارەی..
وەکوو من و ئەو زادەی پاییز بوو
ئەو پیرە دارەی ڕۆژانێکی زوو..
تاکە حەشارگەی من و ئازیز بوو
ئەو پیرە دارەی کە وام ئەزانی..
گەر دوا گەڵاشی زەوت کا باڕەش
دەستی هەر لق و چڵێکی ڕووتی..
سەدەها گوڵی چرپەی من و ئەو ئەگرێتە باوەش
***
خۆزگە ئەمتوانی ئەو گەڵایانە..
دەربهێنمەوە لە چنگی ساردی کزەی نیوەشەو
بە تاڵی شەنگی پەلکەزێڕینە کفنیان بکەم و
لە مەزارێکا.. بیانسپێرم بە فریشتەی خەو
***
شەو ڕاشکاوە و ئەفسونی پاییز..
سەری تەزیوی لە پەنجەرەوە پێهێناومە دەر
تا غەمی سەگی لانەوازی ژێر چۆڕاوگەش ئەخۆم..
یەک و دوانیش نین.. تا جلەکانی خۆمیان کەمەبەر![1]
هۆنەر: #محەمەد عومەر عوسمان#
پەرتووکی: #لە غوربەتا#