چاوەکەم! مەغرووری هەروا یان خەتای نازارییە!
نازە وا ئاڵۆزە چاوت؟ یا لە سەر خونخوارییە؟
خەم لە من دێوانەتر بوو، شۆڕشی دڵمی کە دی
دەردی دڵ دەردێ گرانە و عیلەتێکی سارییە
ئاوڕی شان و بەرۆکی خۆم ئەدەم شەیدا ئەبم
چون بە ئەشکی خوێنی جەرگم قرمز و گوڵنارییە
ناتوانێ پێ لە ئەشکی خۆی بنێ تێپەڕ بکا
مەشرەبی عاشق لەسەر ڕەسم و مەقامی هارییە
من بە شوێن دڵما گەڕام، شوێنی بە خوێن دۆزیمەوە
چۆن لە ڕاوچی گوم ئەبێ، سەیدێ کە خوێنی جارییە؟
«قانعی» بۆیە لە هیجرا، خەو لە چاوی ناکەوێ
قاعیدەی حەسحەس وەهایە، کەوتە شەو بێدارییە
پەرتووک: #گوڵاڵەی مەریوان#
هۆزانەوان: #قانع# [1]