تەواو دڵنیام قژم کە نوقمی بەفری پیرییە...
لە سایەی تۆدا.. تاکە تاڵێکی هەرگیزا و هەرگیز ڕەش نابێتەوە
گەر ڕەهێڵیش بێ.. دەستم ناگری بۆ ژێر چەترەکەت...
ژیلەی خەفەبووی دڵی بە دیدارت.. گەش نابێتەوە
***
دوو دڵ نیم لەوەی چاوی خەواڵوت..
سوتوی سەدەها شیعری سوتاوم بۆی نابێتە کل
ئەترسی چاوت ئەشکی تێبزێ و
بە نمەی سۆزت.. دەشتی غەریبیم پر بکەی لە گوڵ!
***
تۆ ئەی سەراب.. ئەو دۆزەخەی ڕەنگی ئاوت کردۆتە بەرگ..
ڕووەو تۆ هەنگاوم ئەنا.. بێ ئومێد لە بوونی کانی و
بێ پەروا لە بوونی مەرگ
ئەهاتمە لات.. کە جگەرەم دائەگیرسان..
پەنجەرەت ئەخستە سەرپشت
وەک پێم بڵێی.. هەوای ئەم ژوورە منی کوشت
نەک جگەرە.. لک دوکەڵی سەدان دارستانی سووتاو..
سینەمی کرد بە مەنزڵی
گەرچی هەرگیز گوڵێکم نەسووتاندووە و
لە مەستیشا.. نەمشکاندۆتەوە چڵی
بۆ پەنجەرە ئەکەیتەوە؟.. کوا هەوای پاک؟..
هەوای دەرەوە و ژورەوە..
پڕە لە میکرۆبی سیل و بۆنی گۆڕ و دوکەڵی خاک[1]
هۆنەر: #محەمەد عومەر عوسمان#
پەرتووکی: #لە غوربەتا#