سێ زستان ڕۆیی و
دەستی ڕەشەبا گەرچی ملیۆن جار دارکاژی باڵای
خستۆتە لەرزە..
پەنجەری نیگای پڕ چاوەڕوانیی پێ دانەخستووە
قەت تاوە تەرزە
سێ بەهاریش ڕۆی..
دەستی نەهێنا گوڵێک بکاتە دیاریی ئەگەریجەی
سپی پەشێوی
پاییزیش ڕۆی..
بە پەنجەی زەردی وەری هەڵالەی نێرگزی چاوی و
ژاکا گوڵالەی خوێنینی لێوی
ئەو سی هاوینەش هەتاو سووتانی..
گەر بەفر بووایە.. ئەبوو بە هەڵەم دوو نمەی وردی فرمێسکی چاوی..
زۆر مەزنترە لە زرێبار و خەزەر و زەڵم
***
سی ساڵ لەمەوبەر خۆرنیشینانێ بە بەرگی سوور و
چەپکەگوڵەوە...
کە ڕۆخ شەقامێ جێژوانی بوو
بێ ئۆقرە.. هەر وەک لەسەر پشکۆ بێ.. چاوی ئەگێڕا و
بێ ئاگا لەوەی چۆن کارەساتێ چاوەڕوانی بوو
ئازیزی هات و ئەفسوس بەر لەوەی دەست بنێنە دەست
ماشێنێک وەکوو ناگەهان ئەوەی لەم کردە و
لە جێژوانا.. خوێن جۆگەلەی بەست
ئەمی دێوانەش گشت ئێوارانێ..
لە هەمان جێدا.. بە هەمان بەرگ و تاسە و کۆڵەوە
لە ئاپۆڕای خەڵکا ڕوانینی هەر وێڵە بەدوای
شێوەی ئازیزا و
بڕوا نەهێنێ خرابێتە نێو دوو توێی گڵەوە
***
سیمای دێرینی چرچ و لۆچ بووە وەکوو ئەوە
سێوەی لەچڵ بۆتەوە
هەر بەر بە پێوەیە.. هەر چاو لە ڕێیە.. خانمی وەفا..
تف لەو زەمەنەی ئەم فریشتەیەی لەبیر چۆتەوە[1]
هۆنەر: #محەمەد عومەر عوسمان#
پەرتووکی: #لە غوربەتا#
ساڵی: #1987-06-05#