ئەی لەو کەنارەی سەرتاپا زیو بوو....
چون هێندە لاشەی ماسی لەسەر بوو
لای ئەمی شاعیر کە پاییز هەردەم وەک زەردە مارێ....
تاقە پشتێنی دەوری کەمەر بوو
لە تەمەشایە....
تا دەریاش بووە درەختێکی ڕەش سەر لە ئاسمان...
وەرزیش سەر لەنوێ گەڵارێزان بوو
لەجیاتی گەڵا.. لە هەموو لق و چڵەکانیەوە...
ڕژێنەی وەرینی ماسی بەفرینی وشکی بێ گیان بوو
لە دەریای پرسی...
بۆ وا ڕەشپۆشە و
ماسییەکانی خۆی بۆچی کوشتبێ؟
بۆ وا ڕەشپۆشە و لە شەوێک ئەچێ....
ئەستێەرەکانی هەموو ناشتبێ؟
پرسیارەکانی لە ئاو خنکا
تاسەی وەڵامیش هێز و تینێکی تەلیسم ئاسای بە گیانی بەخشی
هەر کە دەستی کرد بە خوێندنەوەی شعرێکی شەنگی...
چی ماسی مردووی ئەو ئەقارە بوو...
بە زیندوویەتی چوونەوە دەریا..
دەریاش ڕوون بۆوە... شین بۆوە ڕەنگی لە پاداشتیشا
کۆرپەماسییەکان پێڵاوەکەیان پڕ کرد لە گوڵ و دەنکەمرواری
هەر کەکردیانە ئەمیری دەریا
پەلکەزێرینەی ئەو خەونە خۆشەی
وەک هەڵم ون بوو کۆچ و کۆچباری
ئا لەو ڕۆخەدا خۆی بینیە و..
کە دەریا تیایدا درەختیک بوو ڕەش سەر لە ئاسمان....
وەرزیش سەر لەنوێ گەڵارێزان بوو
وەرزیش سەر لەنوێ گەڵارێزان بوو
لەجیاتی گەڵا لە هەموو لق و چڵەکانیەوە...
ڕژێنەی وەرینی ماسی بەفرینی وشکی بێ گیان بوو. [1]
هۆنەر: #محەمەد عومەر عوسمان#
پەرتووکی: #لە غوربەتا#