ئەوە ئەمجارەش زەوی وەک سێوێکی ڕزیو..
لافاو ئەینێتە سەر لەپی دەستی..
لافاوێک کە «ئەو» هەر لە ئێستاوە سەدای
ئەبیستێ و
شەپۆلیش ئەدا لە شووشەی هەستی
***
بە هیوای تەختە بۆ دووەم کەشتی..
داراستان نەما نەگەڕێ و ئەفسوس..
تا هەردوو ئەژنۆی.. هەر خۆلەمێشی بێ تین و سڕ بوو
درەخت نەک پاییز..
ڕووت و بێ بەرگی شاڵاوی گڕ بوو
***
ئای چەند بێزارە..
کەوتۆتە بەر «با» چرای هاواری
بێزارە.. بێزار ئا لەو سەردەمەی..
خەڵکی بێزارە.. بێزار ئا لەو سەردەمەی
خەڵکی پێڵاویان لە پێستی گوڵە و
لەبەر بارانا... چەتری سەریانە باڵی کەناری
جار جارە لەبەر خۆیەوە ئەدوێ..
لە سەرزەمینی ڕەشەبادا گوڵ.. بۆ ئەوەی نەشکێ
گەردنی بەرزی..
ئەبێ هەمیشە لقی لە پۆڵا و پەڕەی لە مس بێ و
هەڵاڵەی دەرزی
***
شەو ڕۆژ خەمی سامناک ئەبینێ..
دەریاکان پڕن لە تەرمی کەشتی
کەنارەکانیش بوونەتە هەڵم و
تەرمی هەزاران مناڵی ساواش
شەپۆل داویەتیە دەم ڕەوتی گەشتی
***
کەی دارستانێ ئەدۆزیتەوە گڕ نەیکردبێ
بە مەزاری ڕەش؟
بەر لەو لافاوەی سەرتاپای زەمین ئەگرێتە باوەش؟
بەر لە سەفەر.. بەر لەوەی ڕێ بگرێتە بەر
هیچ «حەوا»یەک ناگرێتە خۆ..
«ئادەم»ی مێردی کوشتبێ
هیچ «قابیل»ێک دەرباز ناکا
«یەهودا» کانیش بە جێ ئەهێڵێ..
بۆ هەر «مەسیح»ێک مایەی ئازار بوون
مەرگەوەڕانیش بە نەفرەت ئەکا..
کە مایەی مەرگی سەدان دڵدار بوون. [1]
هۆنەر: #محەمەد عومەر عوسمان#
پەرتووکی: #لە غوربەتا#