منم ژەنەراڵی پاییز..
منی هەرگیز ئۆقرە نەدیو
ژنەراڵم...ژەنەڕاڵی هەزارەها داری ڕووت و
ملیارەها گەڵای وەریو
***
منم ژەنەراڵی پاییز...
کاسکێتەکەی سەرم هەورە و
ئەستێرەکانی سەر شانم چەند گەڵایەک بە ڕەنگی زیو
پاڵتۆی بەرم کزەبایە و
شمشێرەکەم لقی درەختێکی ڕزیو
***
منم ژەنەراڵی پاییز
خوێنێکی زەرد بەنێو دەمارما دەگەڕێ و
چاوم هەر وەک هەور نمناک
تەنیا من بووم کە لە تابووتی شووشەدا
چەندین گەڵام سپارد بە خاک
***
منم ژەنەراڵی پاییز
من بووم لەگەڵ زریانی بیرچوونەوەدا...کەوتمە جەنگ و
زۆر گەڵام دەرهێنا لە چنگ
من بووم شەوی گەڵاکانم...
خستە ژێر بالی تریفە و ورشەی گزنگ
***
منم ژەنەراڵی پاییز
پاییز بەبی من هەتیوە و
من بووم وتم بەڵێ تەرمی نسێی سەوزە...
گەڵای وەریوی کۆچکردوو
تەنیا منم کە لە میحرابی پاییزا...
بۆ گیانی زیندووی گەڵاکان...
نوێژی شەهید دائەبەستم...ناوی نانێم نوێژی مردوو. [1]
هۆنەر: #محەمەد عومەر عوسمان#
پەرتووکی: #لە غوربەتا#
ساڵی: #1990-02-28#
شوێن: #سلێمانی#