ئەو ژیانەی کە حەزی لێ ئەکەی پێش ئەوەی پێی بگەی و...
ناڵەی پڕ داخی گێژاوی دەروون
بە ماچی لێوت گشت بوو سەرنگوون
ئەشکی قەتیسماو
لە چاوی گەشا
وەک شەونمی چاو
لە کوڵمت پژا
***
وشەی شەرمنی لێوی ناسکت
بووە مۆسیقا
دەنگی بەسۆزی ئەیوت: گیانەکەم
چرای کز بووی دڵ، بە تۆ هەڵکرا
بە تەنیا ماچێک دڵت کەوتە جۆش
لێویش پڕ بەناز ڕازی دڵداری
ئەخستە سەرکۆش
***
سروەکەی دەنگی قاقای پێکەنین
بەرگی خەزانی فڕێ دا بەتین
گۆڕی بۆ بەرگی گوڵاڵەی هەردێ
شنە شنکەری شەماڵی وەردێ
***
بولبولی نەخشین
دەم بە پێکەنین
ئەیوت: گوێ بگرن
دەستەی دڵداران
هەموو کات شاد بن
دوور بن لە گریان
***
بڕواننە گوڵ- هەڵاڵە و نەسرین
گاڵتە بە کۆسپی سەختی ڕێگاکەن
بڵین: ژیانی دڵداری مانە
&ئارەزوو
ئەو ئارەزووەی ملی زۆری شکان و خوێنی زۆر گوڵی پژان
بە ماچی لێو و خەوی سەرکۆشی
شەربەتی شادی بە لێوان نۆشی
پەنجەکەی تاوان
پڕ ئازار و ژان
بە باڵای وەک کۆت
لە ناوقەد گیران
***
زیندەی ئارەزووش
بەبێ لێپرسین
شەپۆلی بەتین
لای ئەدا بەرگی
پڕ ورشە و مەنگی
سەرئەنجام گشتی
سەربەرزی نەما
کەمێک ئارەزوو
وەکو خوێن ڕژا
***
ئەویان بۆ ساتێ خۆشی لە ژیان
ئەمی تریشیان بۆ دوو پاروو نان
بۆ ژیانی کوێرەوەری
دەربەدەری. [1]
هۆنەر: #دڵشاد مەریوانی#
پەرتووکی: #فرمێسک و زەردەخەنە#