ناونیشانی بابەت: بێ ئاکامی کۆنفرانسە پەروەردەییەکان
ناوی نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
ساڵانە یان چەند ساڵ جارێک بە مەبەستی چاککردن و گۆڕانکاری، وەزارەتی پەروەردە، کۆنفرانس ئەنجام دەدات.
دیارە ئەنجامدانی ئەمجۆرە کۆنفرانسانە، تێچووی پێویستی گەرەکە، من وەک پەروەردەکار و چاودێرێکی پڕۆسەی پەروەردە، بەدواداچوون و بەراوردکردن و هەڵسەنگاندنی دۆخی ئێستای پڕۆسەی پەروەردە، هەمیشە قسە و بۆچوونی خۆمم دوور لە ئایدۆلۆژیا و بیری تەسک بە هەستکردنی بەرپرسیارییەتی و بە زمانی ڕەخنەی بوونیاتنەر و بێ هیچ ڕەچاو کردنێکی بەرژەوەندی تایبەت، ئەوەی درکم پێکردبێت دەرمبڕیوە و سەرنجی خۆم لەسەرداوە، لە هەموو کۆڕو کۆبوونەوە تایبەتەکانیش ئاماژەم بۆ کردوون، تا دانیشتن و باسکردنی گرفتەکانی پەروەردە لەگەڵ بەڕێزان وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە، لەو کۆڕو سیمینارانەش کە بەشداریم کردووە، ئەمانەم دوپاتکردووەتەوە.
کێشەی پڕۆسەی پەروەردەی ئەم هەرێمە ساڵ بەساڵ کەڵەکە دەبێت و چارەسەرکردنیان دەبێتە ئەستەم، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆکارە سەرەکییەی کە مەبەست لەبەستنی کۆنفرانس چارەسەری بنەڕەتی کواڵیتیی پڕۆسەکە نییە، ئەوەندەی مەبەستە دڵی هەندێک کەس ڕازی بکرێت و بەدڵی ئەوان چەرخەکە بسووڕێ.
لەم هەرێمەی ئێمە ئەوانەی خەمی پڕۆسەکەیانە و خواستیانە بەرەو ئاقار وئاڕاستەیەکی درووستی ببەن بەردەوام دەنووسن و پڕۆژەیان هەیە بۆ باشترکردن و چارەسەری گرفتەکان، بەڵام وەک نەریت و خووی باوی بەرپرسان و لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەموو کات خراونەتە گۆشەی پەراوێزخستن و پشتگوێخستنی ڕاو بۆچوونەکانیان، ئەوەش لەبەر ئەوەی هەندێک کەس خۆیان دەکەنە خاوەنی هەموو کارەکان و ناهێڵن ئەوکەسانە بگەنە ئەو شوێنانەی کە مەبەستە پەیامەکانیان بگەیەنن.
دەپرسم ئەم کۆنفرانسانە، کێ تەوەر و بانەتەکان دیاری دەکات و بەکام بنەمای زانستی و پەروەردەیی ڕیکدەخرێن؟
ئایا ئەوانەی بەشداردەبن لەو کۆنفرانسانە، جگە لەو کەسانەی خۆیان مەبەستیانە، پرس بە شارەزایان و پسپۆڕان و نووسەرانی بواری پەروەردە و بەتایبەت ئەوانەی بە بیری پەروەردەی ڕەخنەگرانەوە بیرۆکەیان هەیە، بانگکراوون؟
جگە لەوانەی خۆیان گرەکیانە چیبکەن بۆ خۆیان و کێ قسەی باشیان لەسەر دەکات، کێ بانهێشت دەکەن؟
بە بۆچوونی بەندە تا بیر لە بوونیادنانی فەلسەفەیەکی پەروەردەیی هاوچەرخ نەکەینەوە و ئاڕاستەکان لەم قۆرخکاریە نەگۆڕدرێن، پڕۆسە و پرسی پەروەردە لە شوێنی خۆی دەمێنێتەوە و هیچ گۆڕانکارییەک بەدینایەت.
پێم وایە ئەوەی دەگوزەرێ لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، خەمەکە قوورستر دەکات و نادادی لە پرسەکە زیادتر دەکات و کواڵیتیی خوێندن دێنێتە خوارتر.
هەندێک ئەوانەی بەشداری کۆنفرانسەکان دەکەن جگە لە وتە تێچینی نەگونجاوی پەروەردەیی کە ویست و بەرژەوەندی خۆیان و هاوڕێکانیان دەخەنەڕوو، هیچ خەمێکی تریان نییە، بەوێنەی بەشداریان لە کۆڕووسیمینارەکاندا ئەنجامی دەدەن.
بۆچی وەزارەت پێش وادەی دەستپێکی کۆنفرانسەکان، داوا لە نووسەران و شارازایان و خەمخۆرانی پڕۆسەی پەروەردە ناکات، بیرۆکە و پڕۆژەکانیان بنێرن بۆ لایەنی پەیوەندیدارتا بخرێنە بەرنامەی کاری کۆنفرانس؟
دیارە بۆ ئەوە ناکرێت چونکە دەستەی خەمخۆری تایبەتیی و بەرژەوەندخواز لەو کاتەدا ڕۆڵیان نامێنێت و پێیان ناکرێت هەر خۆیان بن.
کاتێک ستاندارەکان جێبەجێ دەکرێن و قوتابخانە بەباشی ئەنجامیان دەدات کە پێوەرەکان زانستی و پەروەردەیی هاوچەرخ بن لە هەموو بوارەکاندا نەک هەڕەمەکی و دوور لە بەها پەروەردەییە سەردەمیانە بن.
تا بە هەموو لایەن و بەشەکاندا نەچینەوە، ڕۆڵ بۆ پەروەردە نەگێڕینەوە، هەر ناوێک دابنێین بۆ ئەوانەی هەڵسەنگاندن بۆ قوتابخانە و خوێندنگەکان دەکەن، ناویان سەپەرشتیار بێت یان هاوڕێی ڕەخنەگر، هیچ ناگۆڕێت، پێویستە پڕۆسەی پەروەردە بکرێتە پەروەردەیەکی ڕەخنەگرانە، نەک قبووڵنەکردنی ڕەخنە، وەک ئەوەی ئێستای ناو سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان.
کاتێک هەڵسەنگاندن بۆ مامۆستایان درووست و شیاو دەبێت، ئەوان کەموکوورتیان نەبێت لە هیچ ڕوویەکەوە، نەک سێ مانگ مووچەی نەدەیتێ و بژێوی تاڵ بکەی و سێ کەس هەڵسەنگەندنی بۆ بکات.
کاتێک متمانە نەبوو هیچ دڵنیاییەکی جۆری ناتوانێت ڕۆڵبگێڕێت، پیم سەیرە دەیانەوێت لەهەر خوێندنگەیەک مامۆستایەک بکەنە بەرپرسی دڵنیایی جۆری، ئەی بۆ کار ناکەن ئەو بەرپرسیارییەتییە گشتگیربێت بۆ هەموو مامۆستایان هەستێکی جیانەکراوەی پەروەردەییانە، تا کواڵیتیی پڕۆسەکە باشبکرێت، بەڵام لەوەی ئێستادا بێ هیوایی زیاد دەبێت، لەوانەیە یەکێک بەوکارە هەستێ، تایبەتمەندی و هەڵبژاردەی تاقم و دەستە و گرووپێکی نائاگا ئاڕاستەی بکەن، وەک چۆن دەستیان گرتووە بەسەر هەموو قوتابخانەکان و خوێندنگەکاندا.
ئەم جۆرە کۆنفرانسانە پێویستن بەڵام دەکرێت بەرنامەڕێژی باش بکرێت و کەسانی شارەزا و خەمخۆر پڕۆژە و توێژینەوەکانیان بخەنە ڕو، نەک هەربۆ کۆبوونەوەی وێنە گرتن و پاوانخوازی، بۆیە #عەبدوڵڵا پەشێو# ئەڵی:
هەتا پرتەقاڵ و مۆزو سێو مابن
کۆبوونەوەکان هەرگیز تەواو نابن. [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=