زۆریشم حەز کرد کە ئەو خۆزگەیەم تەنیا خەیاڵێک بوو وەکوو تەم
خۆزگە دێوانەی شاران بوومایە
لە نیوەشەودا مانگ بۆم بدوایە
پێم بوتایە: کەشتی زیوی جوان
وێڵ و ئاوارەی پانتاییی ئاسمان
پێم بڵێ توخوا چەند گیانیان فڕان؟
چەندیشیان بەو بای خەزانە مران؟
چەند لاو لە غەما سەری نایەوە
چەند گوڵ بە شەماڵ نەگەشایەوە؟
خرپە و خشپەی پێ لە ناو چیمەنا
چەند چڵە گوڵیان لە بن هەڵکەنا؟
چەند جار پاراوی خونچەی بەهاران
بە خوێناو کرا لە جێگەی باران؟
ئاخۆ چەندی تر بە کوڵ گریابن
بە تەنیا وێڵی هەردو چیا بن؟
خۆزگە ئەوانەت پێ بوتمایە
پێش ئەوەی کاسەی ژینم بڕژایە [1]
هۆنەر: #دڵشاد مەریوانی#
پەرتووکی: #فرمێسک و زەردەخەنە#