خەوێک بوو لە بەرەبەیانێکا سووتا کە پاسارییەکانیش نەیانئەخوێند
کەی بێ نەسرین گیانی شیرین
لەسەر سنگت بڕژم ئەسرین
تا بە فرمێسکی خوێناوی
ئاوی بدەم گوڵی لاوی
پێشکەشی کەم گیان و سامان
هێزی دڵمت کەم بە قوربان
تۆ نەسرینی.. گوڵی ژینی
کەی بێ ناوت قژی خاوت
لەگەڵ تیشکی هەردوو چاوت
زنجیری کەن دڵی کەساس
گوڵی کوڵمی پێ بکەن پاس
من شادم گەر پاسەوان بم
لەلای مەمت باخەوان بم
تۆ نەسرینی.. ڕەوت شیرینی
کەی بێ لەگەڵ گوڵاڵەی ئاڵ
دابنیشین چەندەها ساڵ
بنۆشین پێکی دڵداری
لەسەر چیمەن بکەین یاری
لەم جیهانە تۆم دڵداری..!
پێشکەشت بێ دڵ بە دیاری
تۆ نەسرینی.. هەر ئەمێنی[1]
هۆنەر: #دڵشاد مەریوانی#
پەرتووکی: #فرمێسک و زەردەخەنە#