هەڵبەستەکەم ئاوازێکە بە تاری عەشق ڕێکخراوە
پەیکەرێکە لە گۆشتی دڵ خوێنم ئارایشتی داوە
خەیاڵێکە خورپەی دڵم بە ئەشکی چاوم ئەنووسێ..!
پێنووسێکە باسی جوانی لە خوای دڵداران ئەپرسێ
شنەیەکە بۆنی خۆشی نازدارانم بۆ ئەهێنێ
ئاوەڵێکی ئاشنایە بە ژیانم ئەناسێنێ
بەستەیەکە سزای ژیان لە بیر و هۆش ئەباتەوە
جۆگەیەکی پڕ فرمێسکە داخی دەروون ئەشواتەوە
دەرمانێکە لە خەستەی عەشق زامی کاری ساڕێژ ئەکا
قەشەیەکە بتخانەی دڵ پڕ بوغورد و گوڵڕێژ ئەکا
گۆشەگیرێکە نوورانی لە خەڵوەتی هاتە دەرێ
گوڵێکە سۆزی دڵداری ئەبا بۆ تاکە دولبەرێ
ڕەنگە ئێستا تا ڕادەیەک تێگەیی بیت خوای دڵەکەم
کە مەبەستی دڵم چییە؟ لە دانانی هەڵبەستەکەم
کە بیرێک بوو لە کەللەمدا خۆشەویستی تۆ فڕانی
کە تیرێک بوو لە یادما جوانی تۆ بووە کەوانی
ئەوسا وەڵامی تۆی نازدار لەگەڵ نەسیمی نەوبەهار
هەڵئەکەنن بێستوونی خەم لە دەروونما نامێنێ تەم[1]
هۆنەر: #دڵشاد مەریوانی#
پەرتووکی: #فرمێسک و زەردەخەنە#