برای نیشتمانی تۆ خوێندەواری
سوپاس بۆ یەزدان زرنگ و هوشیاری
ئەم خاکە کە تۆی هێنایە کایە
ئەم خاکە بۆ تۆ بوو بە دەس مایە
ئەم خاکە بێشکەی قارەمانانە
ئەم خاکە پەردەی شهریارانە
ئەم خاکە لاشەی لاوی خوێن گەرمە
ئەم خاکە ئەندام کچی پڕ شەرمە
نەرگس و شەوبۆ و وەنەوشەو و شەسپەڕ
پەلکەی کچانە لەخاک دێتە دەر
مێوەی سەر زەوی بۆیە شیرینە
شیرینی نوکتەی وتار ڕەنگینە
سپی چناران وا بەرز و چاکن
نموونەی باڵای گەنجی ژێر خاکن
ڕاستی سەروەکان پێت بڵێم چۆنن؟
تەبعی مەوزوونی شاعری کۆنن
ئەو گوڵاڵە سوورە بەسەر یاڵەوە
ئەلەرێ بەدەم بای شەماڵەوە
ئەوە سەر گۆنای نیمچە غەزاڵە
یا لیمۆی وێنەی دوو لیمۆی کاڵە
هەر دارێک ئێستە کە زۆر بەردارە
بزانە لاشەی پیاوی هۆشیارە
یاخۆ ئەو مارە کە زەهراویە
شینە یا ڕەشە، بۆرە، ماویە
ئەوانە لاشەی حەرامزادانن
بێگانە پەرەست زۆڵی نیشتمانن
یاخۆ دڕننە ئادەمیزاد خۆر
شێر و ورچ و گورگ لە کەم تا بە زۆر
ئەوانە بەشی خەڵقیان خواردووە
هەر بە بەش خۆری ڕایان بواردووە
حەیفە لەم دەورە بۆ ناز و نعمەت
بۆ دەورەی دووهەم خۆت بخەیتە زەحمەت
هۆزانەوان: #قانع#
دیوان: #باخچەی کوردستان#
[1]