ئەی تازە دۆست.. دەستم بگرە و شەرم مەکە
دەمێ ساڵە ئێمە یەکترمان ناسیوە
لە گشت شوێنی دەمانناسن
دار و گوڵ و گیای باخەکان
باڵندەکانی ئاسمانی
شاری بەغدا-سلێمانی
کووچە و گۆشە و دیوارەکانی زانستگا
ئۆتۆمبیلەکانی ڕێگا.. دەمانناسن
***
بەهاری هەموو شارەکان
هەواری گشت سەیرانگاکان
سواڵکەری سەرشۆستە و تەختی شەقامەکان
کتێبی نامەخانەکان
ڕێبوار و نامەبەرەکان.. دەمانناسن.
***
بەڵام.. لە هەموو شوێنێکدا لەیەکمان دوور دەخەنەوە
دانیشتنمان دوو کورسییە
نانخواردنمان دوو دەورییە
هەریەک بەدەستی خۆی دەخوا
هەریەکە بەپێی خۆی دەڕوا
مرۆڤەکان بەدوو چاو تێمان دەڕوانن
بەدوو کەسیش دەمانبینن
بۆ من لەتۆ و.. تۆ لە مندا
نەتوێمەوە و.. نەتوێیتەوە!
بۆچی وەها لەیەک دووربین!
بۆچی بەلەش دوو سنوور بین؟
***
هەر دەتگەمێ.. گەرچی ئێستا
کاتێ بەرەو ڕووی تۆ.. هەنگاو دەنێم
زیاتر دوور دەکەویتەوە
دەڵێی زەوی نێوانمان-دەکشێتەوە!
دەڵێی چەرخی سەعات بۆ پشتەوە دەخولێتەوە!
ئەی غەمەکەم.. هەر دەتگەمێ
ئەمجارەیان -بەجیا لە دایک نابین
بەجیا نامرین..
هەر دەتگەمێ[1]
هۆنەر: #دڵشاد مەریوانی#
پەرتووکی: #ببن بە تیشک#