ڕێبوارێکی ئاوارە بووم.. لە شەوی پرچەکانتا
خاڵێکی ڕەشی ورد بووم.. لەسەر ئەو گۆنا جوانە
ماسییەکی بچووک بووم.. لە دەریای چاوەکانتا
خەندەیەکی گەرم بووم.. لە نێوان ئەو لێوانە
لە پاش چوار ساڵ
چوار ساڵی پڕ خەو و خەیاڵ
ژیانی تاڵ
هیواکانی خستمە ژێر باڵ
ڕێبوار.. ون بوو... خاڵ بزڕکا
خەندە.. زەرد بوو... ماسی خنکا
-ئەی ژینی چوار ساڵ سەربڕراو
ئەی نائومێدی ئەقڵ خاو
نەکەی.. نەکەی.. نەکەی ڕۆژێ لە یادی کەی
نەکەی.. نەکەی.. نەکەی ساتێ لە یادی کەی
***
خۆشم دەوێت.. وەکو دەمویست
ئێستاش دڵم.. لانەی یادی ئەوی تیایە
بۆیەکە من، نایڕووخێنم
ئێستاش ژینم.. نامەی باسی ئەوی تیایە
بۆیەکە من، نایسووتێنم
هیچ شک نابەم.. جگە لەوەی
یەک گۆرانی بۆ ڕێک دەخەم
هەڕەشەیە.. لە هەموو ئەم کەونەی دەکەم
-نەکەی.. نەکەی.. یادی چوار ساڵ لە دڵ دەرکەی
نەکەی.. نەکەی.. خۆشەویستی لە دڵ دەرکەی
***
پاش ئەوەی کە نامەکانیم
بە دەستی خۆم هەموو دڕاند
پاش ئەوەی کە کچی مەیلیم
لە ناکاوێکا توند خنکاند
کوانێ نامەی ئینجیلی چوار ساڵ دڵداری!
کوانی کۆرپەی مەیلی چوار ساڵ بەختیاری!
-نەکەی.. نەکەی.. هەتاکو هەی..لە یادی کەی
هەتاکو هەی.. نەکەی نەکەی.. لە یادی کەی[1]
هۆنەر: #دڵشاد مەریوانی#
پەرتووکی: #ببن بە تیشک#