لە گەڕەکێکی جوان و پاکژی بەری ڕۆژهەڵاتی ئیستەمبووڵ دوای کەمێک گەڕان بە هاوکاری کاک ڕاوێن ستێرک ماڵی کوردێکمان دۆزییەوە کە پێشتر بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ کردبوو، ئەویش محەمەد عەلی ئاسڵان سەرۆکی پێشووی پارتی کرێکارانی تورکیا. پیاوێکی سوور و سپی و پۆشتەو پەرداخ، گۆپاڵێک بەدەسەتەوە لە بەردەم دەرگای ماڵەکەیەدا لە پێشوازیماندا بوو. ئەو خۆیشی باش لەبیر نایەت کە چەند ساڵە لە ئیستەنبووڵ دەژی، بەڵام بەچاو ئەوەی ئەو هەموو ساڵە لە دووری کوردستان ژیاوە، کوردییەکی باش قسە دەکات، بەڵام بەداخەوە منداڵەکانی وەکوو دەیانوت کوردی تێدەگەن، بەڵام ناتوانن بە کوردی قسە بکەن، بۆیە پێناچێت دوای نەمانی باوکیان شتێک بەناوی کوردبوونەوە لەو ماڵەدا درێژەی هەبێت، مەگەر ناڵێن زمان بڕبڕەی پشتی مانەوەی هەموو نەتەوەیەکە، ڕەنگە هەستی شانازی بە کوردبوونیان بەشی نەوەیەکی دیکە تێدا بمێنێت.
یەکەم پرسیاری ئەوە بوو، لە دوورڕا لە کوردستانەوە هاتوون، بەخێربێن، چاڤێ من ڕوونی بوو.
دوای چەند کاژێرێک گفتوگۆکردن، ڕێککەوتین باسی مێژووی کۆن و نوێ بکەین بەتایبەتیی گێڕانەوەی سەرهەڵدانەکان پاشان بەسەرهاتەکانی چەپ و کۆمۆنیستە کوردەکان لە تورکیا.
ڕووداو: ئەگەر لە سەردەمی منداڵیتانەوە دەست پێ بکەین، ئەو ژینگەیەی کە ئێوەی تێدا پەروەردەبوون، ژینگەیەکی تەوا کوردەواری بوو؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: من لە ساڵی 1936 لە ناوەندی شاری ئاگری )قرەکلێسا) لە دایک بووم، باوکم بەگی عەشیرەت بوو، لە قوتابخانەی عوسمانیدا خوێندنووی، بەڵام دایکم لە گوندەوە هاتبوو، زمانی تورکی نەدەزانی، کورد بوو. سەردەمی منداڵی خۆمم بە کوردی تێپەڕاند، لە ماڵی خۆماندا هەر بە کوردی قسەمان دەکرد، دیارە جگە لە کورد خەڵکی گورجی و تورک و ئازەریش لەناو شارەکەدا دەژیان، من لە ژینگەیەکی ئاوادا گەورە بووم.
ڕووداو: ئەو سەردەمە ڕەوشی زمانی کورد چۆن بوو؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: ئەو سەردەمە زمانی کوردی قەدەخە بوو، نەیاندەهێشت خەڵک بە زمانی کوردی قسە بکات، بۆیە کاتێک خزم و کەسوکاری ئێمە لە گوندەکانەوە دەهاتن بۆ ناو شار بۆ بەرێکردنی کاروباری خۆیان، تورکیان نەدەزانی، من و خوشکە گەورەکەم لەگەڵیاندا دەچووین و دەبووین بە وەرگێڕ.
ڕووداو: لە قوتابخانەکان چۆن بوو، ئێوە تەنیا بە پیتی لاتینی دەتانخوێند، لە پەیوەندی لەگەڵ وانە ئایینییەکان و ئەدەبیات دا، بە پیتی عەرەبی دەخوێنرا؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: لەلایەنی دینییەوە وابوو. باوکم پەرتووکخانەی گەورەی هەبوو، پەرتووکی فارسی، عەرەبی و تورکی و ژمارەیەکی زۆریش پەرتووکی کوردی تێدابوو، هەموو ئەو پەرتووکانە بە پیتی عەرەبی نووسراوبوون، بەڵام لە قوتابخانە بە لاتینی دەمانخوێند، من زۆرێک لەو پەرتووکانەم خوێندۆتەوە، هەندێکیان بە دەستوخەت نووسرابوون، من لەو پەرتووکانەم دەدا بە ناسیاوەکانم، بۆ نموونە پەرتووکی مەم و زین کە لە میسر چاپ کرابوو، تەنیا ئێمە ئەو پەرتووکەمان هەبوو، خەڵک تەکلیفیان دەکرد و دەمدانێ و لەبەریان دەنووسییەوە، بابەتەکە لە قاڵبێکی ڕۆمانتیکیدا بوو، تەنیا مەم و زین نەبوو، بەڵکوو وتەکانی ئەحمەدی خانیشی تێدابوو. من لای مامۆستا کوردەکان و لای موفتی ئاگری کە بۆخۆی کورد بوو، وانەی شەریعەتم خوێند، وانەی شەریعەت و فەقێیەتیم بە عەرەبی خوێند، لە سەرەتایی و ناوەندی ئەو شتانەم خوێندووە.
ڕووداو: باسی مەم و زینی ئەحمەدی خانیت کرد، چی سەرنجڕاکێش هەیە لە مەم و زیندا کە هێشتا لە بیر و هزری تۆدا مابێتەوە؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: ئەحمەدی خانی لە مەم و زینەکەیدا گللەیی لە یەکنەگرتنی کورد دەکات و دەڵێت:
گەر دێ ھەبووا مە پادشاهەک
لایەق بدیا خودێ کولاهەک
تورک و عەرەب و گورجی و ڕومی
ھەمیا ژ مە ڕا دکر غولامی
تەکمیل دکر مە دین و دەوڵەت
تەحسیل دکر مە عیلم و حیکمەت
ڕووداو: بیروباوەڕەکانی ئەحمەدی خانی کاریگەریان لەسەر بیر و هزری سیاسی و نەتەوەیی تۆ دانا کاتێک بوویت بە پارێزەر و سیاسی؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: ئەحمەدی خانی ئەدیبێکی زۆر گەورەیە، دیوانەکەی مەم و زین، وەکوو دیکە نووسینی دیکەیشی هەیە، (نوبهارا زارۆکان)، فەرهەنگێکە تێیدا دەڵێت:
نە بۆ خاوەن ڕەواجان
ژبۆ بچوکێن کرمانجان
ئەحمەدی خانی خاوەنی چەندین پەرتووکە. لە جزیرا بۆتانەوە دەگوازێتەوە بۆ گری داغێ، ئێستا قەبرەکەی لەوێیە، خەڵک وەکوو شوێنێکی پیرۆز سەردانی دەکەن. دیارە دەبێت بەرهەمی هەموو گەورەکانی کورد بنووسرێنەوە، بەڵام سەردەمی ئێستا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە وەکوو ئەو کاتە نییە، بەڵام ئەحمەدی خانی ئەدیبێکی گەورە، کوردێکی مەزنە.
ڕووداو: ئێوە دەتانوت کەسێکی میلییەتچی بووە، دەتوانین بڵێین ئەحمەدی خانی بیروباوەڕی ناسیۆنالیستی هەبووە؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: ئەحمەدی خانی بەتەواوەتی ناسیۆنالیست بووە، من پەرتووکەکەم خوێندۆتەوە، بیروباوەڕی ناسیۆنالیستییە، ئەو سەردەمە لای کەس بیروباوەڕی ناسیۆنالیستی نەبووە، بۆیە ئەحمەدی خانی پێشەنگە.
ڕووداو: ئەگەر باسی جەنگی دووەمی جیهانی بکەین، دیارە ئێوە تەمەنتان زۆر نەبووە، هیچ باندۆرێکی لەسەر کوردستان و دەڤەری ئاگری بە تایبەتیی هەبوو؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: نا کاریگەریی وای نەبوو، بەڵام پێش شەڕی دووەمی جیهانی، لە کوردستان زۆر کۆمەڵکوژی کراوان.
ڕووداو: زۆرجار باسی ئەوە دەکرێت لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیا و دوای ڕووخانی خەلافەتی عوسمانی، ئەتاتورک و دەوروبەرەکەی کوردیان خاپاند، کوردیان هەڵخەڵەتاندن؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: ئەوان کوردیان نە خاپاند (فریونەدا)، کورد خۆیان خۆیان خاپاند (هەڵخەڵەتاند)، دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی، ئەتاتورک دەیویست دەوڵەتێکی مۆدێرن درووست بکات، ئەگەر لینین هاوکاری ئەتاتورکی نەکردایە، سەرنەدەکەت.
ڕووداو: لینین پشتگیری ئەتاتورکی کردووە؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: بێگومان، پشتگیریکردن و هاوکاری زۆری پێشکەش کردن، چونکە لای خوارووە، بەریتانیا و فەرەنسییەکان دەهاتنە پێشەوە، لەبەر ئەوە لینین هاوکاری تورکیا، ئێران، ئەفغانستان و وڵاتی چینی دەکرد، هاوکاری بۆرژوا ناسیۆنالیستەکانی کرد، بەڵام هاوکاری هەرە گەورە بۆ ئەتاتورک بوو، لە کۆنفرانسی باکۆ لە ساڵی 1920 دا، زیاتر لە دوو سەد نوێنەری تورک بەشداریان تێداکرد.
ڕووداو: کورد نوێنەری هەبوو لە کۆنفرانسی باکۆ؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: نەخێر، یەک نوێنەریشی نەبوو.
ڕووداو: بۆچی؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: بۆچی؟ هەموو ئاغا و بەگە کوردەکان کە لە ئەرمەنستان بوون، پێش هەڵگیرسانی شۆڕش چوونە ناو دەوڵەتی عوسمانییەوە، جگە لەوەش خەڵکیان لە نەزانییەیت (نەزانی)دا هێشتبووە، قوتابخانە نەبوو، ئینجا هەموو سەرکردە کوردەکانی ئەو سەردەمە دژی شۆڕش بوون.
ڕووداو: بەڵام مامۆستا تۆ دەڵێیت کوردەکان خۆیان خۆیان هەڵخەڵەتاندا، لە کاتێکدا کورد نوێنەری هەبوو لە پەڕڵەمانی تورکیا، ئایا ئەوانە کوردایەتیان دەکرد، داوای مافی کوردیان دەکرد، ئیشیان چی بوو لە پەڕڵەمان؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: نەخێر کەس مافی کوردی نەدەویست، لە کۆنفرانسی لۆزاندا کە تورکیایی نوێیان قبووڵ کرد، نوێنەرایەتی ئینگلیز دەڵێت:لێرە نوێنەری تورکەکانی لێیە، بەڵام خۆ لە تورکیا تەنیا تورک ناژین، کوردیش لەوێ دەژین، بەڵام هیچ نوێنەریان نییە؟ دوای ئەوە عیسمەت پاشا بروسکە بۆ مستەفا پاشا دەنووسێت و دەڵێت: “نوێنەرانی کورد کۆبکەنەوە و تەلەگرافێکیان پێ بنووسن”، لە تەلەگرافەکەدا نووسراوە نوێنەرانی تورک، نوێنەری ئێمەشن، دووپاتی دەکەنەوە کە نوێنەرانی تورک داخوازیەکانی ئەوانیش بەجێدەگەینن، ئیتر دوای ئەو تەلەگرفانە باسی کورد نایەتە گۆڕێ. دەبێت ئەوەش بگوترێ ئەوەی کە مستەفا کەمال ویستوویەتی، بووە بە ئەندام پەڕڵەمان.
ڕووداو: زۆر باسی حەسەن خەیری دەکرێت، بەشێک لە مێژوونووسان دەڵێن کەسێکی خیانەتکار بووە؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: ئەوە ڕاست نییە، چەند کوردێک بوون بە ئەندام پەڕڵەمان، ئەگەر حەسەن خەیری ناپاک بێت ئەوا هەموو پەرلەمێنتارەکانی دیکەیش ناپاکن، ئەگەر حەسەن خەیری ناپاک بێت ئەوا هەموو ئەندام پەڕڵەمانتارە کوردەکانی ئاکەپەش ناپاکن، کەواتە تۆمەتی ناپاکی هەروا ئاسان نییە.
ڕووداو: بۆچی حەسەن خەیریان لە سێدارە دا؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: لەسەر کوردایەتی لە سێدارەیان دا، یاسای بنگەهی تورکیا لە ساڵی 1920 نووسراوەتەوە، ساڵی 1924 گۆڕانکاری تێداکراوە، هیچ کام لە پەرلەمێنتارەکانی پێشوو هەڵنەبژێردرانەوە، حەسەن خەیری یەکێک بوو لەوانە.
ڕووداو: بۆچی ئیتیحاد و تەرەقی بڕیاری کۆمەڵکوژی ئەرمەنییەکانیان دا، چیان دەویست؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: ئیتیحاد و تەرەقی ناسیۆنالیست و ڕەگەزپەرست بوون، ئەرمەنەکان لە تورکیا، بەتایبەتیی لە ئیستنەبووڵ زۆر بوون، بۆیە بزووتنەوەیەکیان بەدژی ئەرمەنەکان ڕێکخست، ژمارەیەکی زۆریان لە کاتی دوورخستنەوە و سۆرگون کردنیان مردن، ژمارەیەک ڕوویان لە سووریا کرد، لەوێشەوە ڕوویان لە فەرەنسا کرد.
ڕووداو: ژمارەی ئەو ئەرمەنیانەی کە کۆمەڵکوژکران چەند کەسە، باس لە ژمارەی جیاواز دەکرێت لە نیو ملیۆن کەسەوە بۆ یەک ملیۆن؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: ژمارەیەکی درووست کە مرۆڤ قایل بکات نییە، بەڵام سەدان هەزار کەس تێداچوون، خەڵکانێک باسی ملیۆنێک دەکەن، بەڵام ئەوە گرنگ نییە، تۆ بڵێ پەنجا هەزار کەس، ئەوەش تاوان و جینۆسایدێکی گەورەیە.
ڕووداو: بۆ مێژوو، دەوری سەرۆک خێڵ و ئاغا و دەرەبەگەکانی کورد بەتایبەتیی ئەوانەی پێیان دەڵێن سوارەی حەمیدی لە کوشتاری ئەرمەنەکاندا چی بووە؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: کالکا من لە سەرۆکەکانی حەمیدییەکان بووە، ئەوەی ڕاستی بێت ئەرمەنەکان لە باکووری کوردستان جینۆساید نەکراون، بەڵام دوای کۆمەڵکوژی ئەرمەنەکان هەندێک لە ئەندامانی پارتی تاشناخی ئەرمەنی کە ڕوویان لە ئەرمەنستان کردووە، هەرکەسێک هاتبێتە سەر ڕێگایان کوشتویانە، ژمارەیەکی زۆر موسڵمانی کورد و تورکیان کوشتووە، بۆیان گرنگ نەبووە ئەمە کوردە، ئەمە تورکە، بەتایبەتیی لە ئیغدر و قارس شەڕی گەورە ڕوویاندا.
ڕووداو: باس لەوەش دەکرێت کە کورد ژمارەیەکی زۆر ئەرمەنیان لە مردن ڕزگار کردووە، بەتایبەتیی لە دێرسیم لەسەر دەستی سەید ڕەزا؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: دکتۆر ڕەشید پاشا والی ئامەد بوو، تورک بوو، دوژمنی ئەرمەنەکان بوو، بەگلەر و سەرۆک عەشیرەتە کوردەکانی کۆکردەوە و داوای لێکردن چەندی بۆیان دەکرێت ئەرمەنی بکوژن، دەیوت موڵک و ماڵیان بۆ خۆتان، ئەوانیش ئەو کارەیان کرد، ماڵ و موڵکی ئەرمەنییەکانییان کەوتە بەردەست، نەوەکانیان بوون بە خاوەنی ئەو موڵک و ماڵە. لەو کاتەدا قایمقامی لجێ کە ناوی نەسیم بەگ بوو، ئەوکارەی پێ قبووڵ نەکرا، بۆیە بڕیاری کوشتنیان دا. لە دێرسیم نزیەکی پازدە هەزار ئەرمەنی دەژیان، دەسەڵاتداران ویستیان ئەوانیش کۆمەڵکوژ بکەن، بەڵام خەڵکی دێرسیم و سەید ڕەزا ئەوانیان پاراست، دواتر سی هەزار ئەرمەنی ڕوویان لە دێرسیم کرد و لەوێوە ڕەوانەی ئەرمەنستان کران.
ڕووداو: دەمەوێت لەسەر ئیدریسی بەدلیسی بپرسم، زۆرجار باس لەوە دەکرێت کە گوایە ناپاکی لە کورد کردووە؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: نەخێر ناپاک نەبوو، ئەوە ڕاست نییە بە هەموو کەس بڵێی خائین. ئیدریسی بتلیسی زانایەکی کوردی سوننی مەزهەب بوو، لەژێر دەسەڵاتی سوڵتانی عوسمانیدا بوو، ساڵی 1514سوڵتانی عوسمانی یاوس سوڵتان سەلیم بانگی دەکات، ئەو کاتە دەسەڵاتی شا ئیسماعیلی سەفەوی عەلەوی زۆر بەرفراون بووبوو، تاوەکوو نزیک ئامەد درێژبووبووە، سوڵتانی عوسمانی دەیویست پاشەکشەیان پێبکات و هێزێک پارێزگاری لە سەرزەمینەکەی بکات، ئیدریسی بەدلیسی لەنێوان سوڵتان و بەگە کوردەکاندا دیدارێک ڕێکدەخات، بەگوێرەی ئەو ڕێککەوتنە دەبێت بەگە کوردەکان سنوورەکانی خۆیان بپارێزن، هاوکات عوسمانییەکانیش ئەوان بپارێزن، ئایا ئیدریسی بەدلیس پێشتر درکی بە نەتیجەی ئەو کارە کردووە یان، من نازانم، دوای ئەو ڕێککەوتنە هەموو دەرگاکانی سەربەخۆیی بەرەو ڕووی کورد داخران. ئاخر وەختی خۆی، بەگلەرە عوسمانییەکان بەگەکانی دیکەیان وەلانابوو، دەوڵەتیان بۆ خۆیان درووستکرد، لە ئیتاڵیا و لە ئەڵمانیا و شوێنانی دیکەیش هەر وابووە، بەرگێک دەستی بەسەر هەموو شتێکدا دەگرت و بەگەکانی دیکەی دەخستە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، بەو شێوەیە دەوڵەتیان بۆخۆیان دورست کرد، بەڵام لە کوردستان وانەبوو، بەرگێک چەند بە دەسەڵاتیش بوایە نەیدەتوانێت بەگەکانی دیکە بخاتە ژێر ڕکێفی خۆیەوە، چونکە بەگەکان لەژێر پارێزگاری عوسمانییەکاندا بوون، ئەمە درێژەی کێشا تاوەکوو ئەو کاتەی دەوڵەتی نەتەوەیی لە ئێران و تورکیا و ئێراق و سوورویا دامەزرا، ئەو دەوڵەتە نوێیانەش دەرفەتیان بە کورد نەدا دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان دابمەرێنێت.
ڕووداو: تێڕەوانینی ئێوە لەسەرشۆڕشی شێخ سەعید چییە، شۆڕشێکی نەتەوەیی بوو یان ئایینی بوو؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: خۆی فکرەی شۆڕش هیی خالید بەگی جوبری بوو، ئەو یەکێک بوو لە دەرەجەدارەکانی سوپای عوسمانی، لە خوێندنگەەی حەرب لەگەڵ ئەتاتورک و ئەوانەدا خوێندنووی، تەنیا کوردێک بوو کە لەو قوتابخانەیەی عوسمانیدا خوێندنووی، بیروباوەڕی میللی هەبوو، لە سەردەمی تورکیای نوێدا ئاگاداری چالاکییەکانی بوون هەر بۆیە گواستیانەوە بۆ ئەرەزرۆم و وەزیفەیەکی سادەیان دایە، ساڵی 1924 ناردیان بۆ بتلیس و لەوێ لە سێدارەیان دا. هاوڕێیەکی پەرلەمێنتاری خالید بەگ بەناوی یوسف زیابەگ هەبوو، ئەو لەگەڵ شێخ سەعید قسەی کردبوو و قەناعەتی پێهێنابوو کە بەشداری لە شۆڕشدا بکات. خالید بەگ و یوسف زیا بیروباوەڕێکی میللیان هەبوو، بەڵام شێخ سەعید کەسایەتییەکی ئایینی گەورەبوو، پیاوێکی موحافەزەکار بوو، دیارە ئەگەر سەریش بکەوتایە نەیدەزانی چی بکات، شێخ سەعید لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە سەرۆک خێڵەکان قسەی کردبوو، بەشێکی کەمیان بەڵێنیان پێدا کە بەشداری بکەن، بەڵام بەشی هەرە زۆریان وتیان ئێمە تێکەڵ بە کارێکی وا نابین. ئیتر خۆشتەکە دیاربوو کە ئەوە کاری نەکردەنییە، بەڵام ئەو کاتە مستەفا کەمال و عیسمەت پاشا لە تەنگانەدا بوون، تەرەقی پەروەرەکان فیرقەی هەقیان درووستکردبوو لە بەرانبەر کۆماردا و ژمارەیەکی زۆر ڕۆژنامە و گۆڤاریان هەبوو کە پشتیووانیان لێ دەکردن، بۆیە ئەتاتورک و عیسمەت پاشا دەیانویست حوکمی عورفی (زۆرەملێ) بسەپێنن و ڕۆژنامە و هۆڤارەکانیش دابخەن، ئەوە بوو عیسمەت پاشا داوای لە پەڕڵەمان کرد حوکمی عورفی دەربکەن، بەڵام پەڕڵەمان گوێیان پێنەدا و ڕەتیان کردەوە، تەنیا شتێک کە پەڕڵەمان بیکردایە بەبەهانەی سەپاندنی حوکمی عورفی مەسەلەی کورد بوو، گوایە کۆمار لە مەترسیدایە، پێویستییان بەبەهانەیەکی واهەبوو، ئەوەبوو پیلانێکیان دانا، ئەو کاتە شێخ سەعید لەگەڵ چەند کەسێک لە پیاوەکانی لە پیران بوو، سەردانی ماڵی براکەی کردبوو، ئەوەبوو ئەفسەرێک و پازدە سەربازی نارد بۆ پیران بۆ ئەوەی پیاوەکانی شێخ سەعید دەستگیر بکەن، شێخ سەعید داوای لێکردن وازیان لێبهێنن، سبەی ئەو لەو ناوچەیە دەڕوات و دەتوانن ئەو کاتە پیاوەکان دەستگیر بکەن و بیانبەن لەگەڵ خۆیان، بەڵام دەوڵەت مەبەستی دەستگیرکردنی پیاوەکانی شێخ نەبوو، بۆ ئەوەی پلانەکەیان سەربگرێت جەندرمەکان دەستیان بە بەکارهێنانی هێز کرد.
ڕووداو: دەتەوێت بڵێیت ئەگەر جەندرمەکان هێزیان بەکار نەهێنایە، شۆڕش درووست نەبوو؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: نەخێر شۆڕش دەستی پێنەدەکرد. ئاخر شێخ سەعید گەیشتبووە ئەو باوەڕەی کە ناتوانێت لە ڕێگای شۆڕشەوە هیچ بەدەست بهێنێت، لەلایەکی دیکەوە سەعید نوڕسی دژی شێخ سەعید بوو.
ڕووداو: دژی شێخ سەعید خۆی بوو یان دژی شۆڕشەکەی؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: دژی شۆڕشەکەی بوو، ئەو پێی وابوو موسڵمان شمشێر بە ڕوویی موسڵمان دا هەڵناکێشێت.
ڕووداو: مەبەستی تورکەکان لە تەحریکردن (پرۆڤەکەسیۆن)ی دەسپێکردنی چەکداری چی بوو؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: دوای ئەوە عیسمەت پاشا داوای لە پەڕڵەمان کرد بڕیاری ئیدارەی عورفی (نائاسای)ی بدەن. ئەوەبوو دوو مەحکەمی ئیداری عورفییان دانا، یەکێک لە ئانکارا و ئەوی دیکەیان لە ئامەد، ئەوەی ئامەد بۆ هەموو کوردستان بوو، ئەوەی ئانکاراش بۆ باقی تورکیا بوو. دوای ئەوە بڕیاری لەسێدارەدانی سەدان کەسیان دەرکرد، زۆریشیان لە سێدارەدا، گۆڤار و ڕۆژنامەکانیان داخست، پارتی سیاسیان قەدەغە کرد، خۆیان ددان بەوەدا دەنێن.
ڕووداو: بەڵام خۆ شۆڕشەکەی شێخ سەعید تەشەنەی کرد و هەتا ئامەدیش ڕۆیشتن، بەڵام سەرنەکەوتن، هۆکاری شکستی شۆڕشەکە چی بوو؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: ڕاستە چوونە ئامەد، چواردەوری شارەکەشیان گرت، بەڵام بەگلەرە کوردەکانی ناو شار چوونە پاڵ سوپا و هاوکاریان کردن، بۆ نموونە لە ئامەد هێڵی شەمەندەفەر هەبوو کە لەژێر دەستی فەرەنسییەکاندا بوو، ڕێگایان بە سوپای تورکیا دا، سەربازەکانییان بە شەمەندەفەر بگوازنەوە و موحاسەرەی هێزەکەی شێخ سەعید بدەن.
ڕووداو: کەواتە فەرەنسییەکانیش پشتیووانی تورکیایان کرد؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: بەڵێ.
ڕووداو: چۆن شێخ سەعید و هاوەڵانی دادگایی کران، ئایا شێخ سەعید بە باشی پارێزگاری لە خۆی و سەرهەڵدانەکەی کرد؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: لە مەحکەمەدا شێخ سەعید دەڵێت: “من دەستم بە شۆڕش نەکرد”، لەلایەنی دینییەوە قسەدەکات، پێیان دەڵێت کە من داوام لە ئەفسەر فڵان کرد, بەڵام بە قسەیان نەکردم و خۆیان چۆنیان ویست وایان کرد. هەرچۆنێک بێت ئەوەی دەرهەقی شێخ سەعید کرا، تاوان بوو.
ڕووداو: بەرخۆدانی کرد، پارێزگاری لە کوردایەتی خۆی کرد؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: زیاتر لایەنگری لایەنە دینییەکەی دەکرد.
ڕووداو: بۆچی بڕایاری لەسێدارەدانی شێخ سەعیدیان دا؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: پەیوەندی بە مەسەلە دینییەکەوە هەبوو.
ڕووداو: شێخ سەعید و ئەتاتورک یەکتریان بینیووە؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: نەخێر، هەردووکیان دژی یەکتربوون.
ڕووداو: بۆچی گۆڕبزریان کردووە؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: شێخ سەعید هەم زانابوو، هەم لەناو خەڵکدا خۆشەویست بوو، ئەگەر گۆڕەکەی دیاربوایە ئەوا دەبووە جێگایەکی پیرۆز و خەڵک سەردانیان دەکرد، تورکیش ئەوەی نەدەویست. دیارە من دەزانم لە کوێ نێژراوە.
ڕووداو: ئەگەر باسی شۆڕشی ئارارات بکەین، ئامانجی شۆڕشەکە سەربەخۆیی کوردستان بوو؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: وایە. دوو هۆکار هەبوو بۆ دەسپێکردنی شۆڕشی ئارارات:
یەکەم: پێشتر ئەتاتورک لە لینین و سۆڤیێت هاوکاری وەردەگرت، بەڵام کاتێک لەگەڵ ئەوروپییەکاندا کەوتە پەیوەندییەوە، ئیتر دەیویست خۆی لە ئامەنەتی ئەواندا ببینێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە ئیزمیر کۆنگرەیەکی ئابووریان ڕێکخست، بەومەبەستەی چینێکی بۆرژوازی درووست بکەن، دەەبوو باج بدەن، ئەوەبوو خەڵکی ئاگری ناڕازی بوون لەو هەموو ستەم و زۆر و باج و خەراجەی دەبوو بیدەن، بۆیە بڕیاریاندا بەخۆیان و مەڕ و ماڵاتیانەوە ڕوو لە چیا بکەن، دەوڵەت نەیدەتوانێت هەروا بە ئاسانی دەستی پێیان بگات، لەلایەکی دیکەوە حکومەت دەستی بە نەفیکردنی ژمارەیەک لەو کەسایەتییانەی کە چارەی حکومەتیان نەدەویست، بەشێک لەوانە بۆ ئەوەی خۆیان ڕزگار بکەن، خۆیان بە گری داغی (چیای ئاگری) سپارد، ئەم خەڵکانە لەوێ یەکیانگرتەوە و شۆڕش دەستی پێ کرد. سەرۆک عەشیرەتەکان سەرکردایەتی شۆڕشەکەیان گرتە دەست، بەڵام زۆر بە ڕێکخستن نەبوو، هەندێک لە سەرۆک عەشیرەتەکان بەلای خۆیاندا دایاندەشکاند و گوێیان بۆ یەکتری نەدەگرت. خۆییبوون دەیویست بزووتنەوەکە بەهێز ببێت بۆ ئەو مەبەسەتە ئیحسان نووری پاشایان نارد بۆ ئارارات، بەڵێنیشیان پێدا کە هاوکاری لۆجستیکی بەکەن. ئیحسان نووری سەرۆک خێڵەکانی لەدەوری خۆی کۆکردەوە و سەربەخۆیی کوردستانی ڕاگەیاند، بەڵام شۆڕشەکەی ئەوانیش سەرینەگرت و لە ساڵی 1930 بڵاوەیان پێکرد.
ڕووداو: هۆکاری تێکچوونی شۆڕشی ئارارات چی بوو، بۆچی لەلایەنی سەربازییەوە نەیانتوانی بەرگری بکەن؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: لەلایەنی سەربازییەوە نەیانتوانی بەرخۆدان بکەن، چونکە تورکیا بە ژمارەیەکی زۆر فڕۆکەی جەنگییەوە چووە سەریان، ژمارەیەکی زۆر لە عەشیرەتەکانی بەلای خۆیادا ڕاکێشا و موحسارەی کردن. دوو گریداغ هەیە، گریداغی گەورە و گریداغی بچووک، گریداغی بچوک لەژێر دەستی ئێراندا بوو، تورکیا قەزایەکی ناوچەی وانی دا بە ئێران و لەجیاتی ئەوە گریداغی بچوکی لە ئێران وەرگرت، بەوشێوەیە لە پشتەوە چواردەوری (موحاسەرەی) هێزەکانی ئاراراتیان دا.
ڕووداو: لە شۆڕشی ئارارات دا خەڵک زۆر کوژرا؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: خەڵکێکی زۆر کوژرا، خەڵک پەرێشان بوون، لەگەڵ ئەوەی هەندێک عەشیرەت هاوکاری ڕۆمیان (بە تورک دەڵێن ڕۆمی) دەکرد، بەڵام لە گەلی زیلان کە ناوچەیەکی بەرفراوانە و ژمارەیەکی زۆر لە گوند لەخۆدەگرێت و دەکەوێتە باکووری شاری وانەوە، ئەو کاتە مستەفا کەمال پاشا خۆی لەناو پیلانەکەدا بوو، بەشێوەیەک دانیشتووانی هەموو گوندەکانیان بە ژن و منداڵ و ژنی دووگیان و پیر و گەنجەوە لە دەربەندێکدا (گەلییەک) کۆکردەوە و چواردەوری دەربەندەکەیان گرت، بە چەکی جۆراوجۆر ئاگربارانیان کردن و تاکبڕیان کردن، تەنیا یەک دوو کەس بە ساغی ڕزگاریان بوو، ئەویش یەکێک لە خزمەکانی ئەو خەڵکە لەگەڵ ئەوەی قەدەغەبوو کەس بچێتە ئەو شوێنە، دەچێت گەلییەکە و منداڵێل ڕزگار دەکات کە هێشتا مەمکی دایکی خۆی دەمژی، یەکێکی دیکە پیاوێکی تەمەن حەفتا ساڵ بوو بەناوی محەمەد، تەنیا ئەو دوو کەسە دەرچوون.
ڕووداو: تۆ بۆخۆت ئەو ڕزگاربووانەت بینیووە؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: منداڵەکەم نەدی، بەڵام محەمەدم بینی.
ڕووداو: چەند کەس لە گەلی زیلان کوژران؟
محەمەد عەلی ئەسڵان: ڕۆژنامەی جومهوریەت لە وەختی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە دەڵێت پازدە هەزار کەس کوژراون، بەڵام ئەو ژمارەیە ڕاست نییە، ڕەنگە سی هەزار بۆ چل هەزار و بگرە پەنجا هەزاریش زیاتر کوژرا و هەبێت، چونکە هەموو خەڵکی ئەو دەڤەرەیان لەو شوێنەدا کۆکردەوە، من لە پەرتووکەکەی خۆمدا باسی ئەوەم کردووە. [1]