وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# ڕایگەیاند، 42 فەرمانبەر خزمەتی حاجییانیان کردووە لە ماڵی خوا.
ئەمڕۆ دووشەممە، #24-06-2024#، #پشتیوان سادق#، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ 24-06-2024 یەکەم کاروانی حاجییان بە سەلامەتی گەیشتنەوە شاری #هەولێر#، داوای لێبووردنیان لێ دەکەین بۆ هەر کەموکووڕییەک کە هەبووە.
پشتیوان سادق دەڵێت: سوپاسی هەموو تیمەکان دەکەین کە بە حاجیانی هەرێمی کوردستانەوە ماندوو بوون، لە کوردستان لە ڕێگەی #وەزارەتی ئەوقاف# و کاروباری ئایینییەوە، چوار هەزار و 685 کەس ڕێورەسمی حەجی کردووە، ئەوە بەشی هەرێمی کوردستان بووە لە ئێراقدا.
دەشڵێت، بەشێک لە حاجییان بە فڕۆکە و بەشێکی دیکەیان بە ڕێگەی وشکایی چوونەتە سعوودیە. 42 فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی لە خزمەت ئەو حاجیانەدا بوون لە مەککە و مەدینە.
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕاشیگەیاند، جگە لەو ڕێژەیەی کە حەجیان کردووە، ژمارەیەکی دیکەی هاووڵاتییان لە ڕێگەی جۆراوجۆرە و بە ڤیزای گەشتییارییەوە فەریزەی حەجی بەجێ گەیاندووە، ئەوانەی لەو ڕێگەوە ئەو ڕێوڕەسمەیان کردووە هیچ پەیوەندییان بە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینییەوە نییە.
بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج، ئەمساڵ 2024 چوار هەزار و 685 حاجی لە هەرێمی کوردستانەوە لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە گەشتی سعوودیەیان کردووە، لە کاتێکدا، کۆی ژمارەی حاجییانی ئێراق بە هەرێمی کوردستانەوە دەگاتە 33 هەزار و 690 حاجی و لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە، چوونەتە سعوودیە. [1]