لەسەر فەرمانی سەرۆکی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# زیاتر لە 557 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای #هەڵەبجە# خەرجکرا، تا کۆمەڵێ پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێ جێبەجێ بکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، #27-06-2024#، #وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار# ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی #مەسرور بارزانی#، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوژمەی (557،480،000) دینار بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە شارەکەدا خەرج دەکرێت و هەر ئەمڕۆش 27-06-2024 گوژمەکە لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بەشێوەی ڕاستەوخۆ ڕادەستی سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە کرا.
وەک وەزارەتەکە ئاماژەی پێ کردووە، لە دانیشتنێکدا #ساسان عەونی# وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ سەلام بیلال ئەسکەندەر، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجەدا، باسیان لە جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شاری هەڵەبجە کردووە کە لە چوارچێوەی بەڵێنەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دێت لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ شاری هەڵەبجە بڕیاری دا ژمارەیەک پڕۆژە لە هەڵەبجە جێبەجێ بکرێن.
هاوکات وەزارەتی شارەوانی، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجەی ڕاسپاردووە، بەزووترین کات دەست بکەن بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان. [1]