ساڵی 1973، هاوڕێی کۆچکردوو مەلا نەفتە، لە دەشتی هەولێر (ئیشراف)سەرپەرشتیی گوندەکانی پشت ڕێ بوو، دیارە بەر لە شۆڕشی چواردەی تەمووزی مەزن، بۆ ئەوەی وەک کادیر دەرنەکەوێت، حیزبی شیوعی پێداویستی نەوتفرۆشتنی بۆ کڕی بوو، بۆ ئەوەی بە ئازادی بە سەر ڕێکخستنەکانی گوندەکاندا بگەڕێت. بەو پیە ناوی مەلا نەفتەی بەسەردا دەبڕێت، (نەفت واتا نەوت).
شانازی بەو ناوەوە دەکرد، لە کاتی زیندانیی کردنی، بەخێوکردنی منداڵە (سەرکە و بنکە)کانی دەکەوێتە ئەستۆی شێرەژنی هاوسەری بە ناوی (هەیبەت خان).
هاوڕێ مەلا، ورتکە نانی زیندان کۆدەکاتەوە، لە کاتی سەردانی زیندان دەیداتە خوشکە هەیبەت، ئەویش بۆ منداڵەکانی دەباتەوە بۆ ئەوەی بیخۆن. هاوڕێ مەلا پیاوێکی بەهەڵوێست و موکووڕ لەسەر بیروباوەڕەکەی، نەترس، قسەلەڕوو، لەناو جووتیارانی دەشتی هەولێر و شەمامک و قەراج و کەندێناوە، هەتا بڵێی خۆشەویست و خاوەن کەسایەتییەکی سەنگین و باوەڕ پێکراوبوو.
من وەکوو شاگردێکی ئەو مرۆڤە مەزنە، زۆرم یاداوەری تاڵ و شیرین لەگەڵ ئەو مرۆڤە مەزنە لەبیرکراوە هەیە، چ لە ڕێکخستنی نهێنی و چ لە پێشمەرگایەتی، بەداخەوە بارتەقای خەبات و مێژووی پڕ لە شانازی ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە، بگرە دەفتەری کردەوەکانی تۆزی چەند دەیەیەک دایپۆشیوە. بۆیە بە ئەرکی ئەخلاقی و ویژدانی خۆمی دەزانم، ئەوەندەی تەمەن و تەندرووستیم مەودام بدات، هەر جارەی یادێک لەو مرۆڤە تێکۆشەرانە بکەمەوە،
هاوڕێ مەلا لە تەمەنی مندا نەبوو، بەڵکوو چەند سالێکیش لە باوکم گەورەتر بوو، لێ هەمیشە وەک هاوتەمەنێکی خۆی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا دەکردم، لە ڕووی سۆز و ئامۆژگاریش وەک کوڕی خۆی.
بە پێچەوانەی ئێستا حیزبایەتی پڕاوپڕ بوو، لە ئەخلاق و مۆڕال و هەڵوێست و ڕاستگۆیی و فیداکاریی، وەک ئێستا خەڵک بە حیزبایەتی شەرم نە بوو، بەداخەوە ئێستا حیزبەکان خاڵیبوونەتەوە لەو پرەنسیپە ئەخلاقییانە، بەرژەوەندی کەسیی بووەتە تاکە ئامانج.
کوڕێکی گەنج پالێوراوبوو بۆ ئەندامیێتی لە حیزبی شیوعی، بە منی وت هۆنراوە دەنووسم، تۆ بڵێی لە (بیری نوێ) بۆم بڵاو بکەنەوە؟ منیش وتم با ئەو سەرەمانگە هاوڕێ مەلا نەفتە بێت، هۆنراوەەکەی نیشان بدە، من دەمزانی هۆنراوەەکەی ڕووی ناو مەجلیسی نییە، لێ نەمدەویست ئەو فرەسەتە لەدەست بدەم بۆ ورووژاندن و توڕەکردنی هاوڕێ مەلا.
کاتێک هاوڕێ مەلا هاتە ماڵی ئێمە، هەر زوو بانگی کاکی شاعیرم کرد، هاوڕێ مەلا وتی: دەی بۆم بخوێنەوە بابە، ئەگەر دەستەی نووسەران پێیان باشبێت ئەوە بڵاوی دەکەنەوە، ئەگەر پێشیان باشنەبێت ئەوە بڵاوی ناکەنەوە،
کاکی شاعیر یەک دوو کۆخەی کرد بۆ پاگژی قوڕگی، دەستی بە خوێندنەوەکرد فەرمووی:
(بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
دانەری زەوی و ڕاگری ئاسمان
ئەوە لینینە ئەوە لینینە
مەندیلی سپییە و کەوێ و سەلتەکەی شینە
ئاگاداری بێ مەککە و مەدینە)
هاوڕێ مەلا گۆشتی سەر ڕوومەتی هەڵبەزییەوە، ئەوە نیشانەی توڕەبوونی بوو، هەتا دەنگی تێدابوو وتی (الحکم لله) کورە برام ئەتۆ کوو دەزانی لینین مەندیلی لەسەری بووە و کەوێ و سەلتەی لەبەر کردییە؟
ئەوجا کێ دەڵێت لینین باوەڕی بە مەککە و مەدینەی هەبووە! (لا حول ولا قوت الا بالله العلي العظیم) ئەوە بە من نارێن عەلی حاجی تایەری، ئەتوی بە زەمبیلەی لە عاسمانێ لۆ من هینایتە خوارێ؟
یان لەناو قۆدی عەتاران! ئەوە کێ تەسقیفی کردووی ئەوەندە بێ مستەوای؟
دووای بەڕێکردنی کاکی شاعیر، هێشتا نەهاتبوومەوە ژوورێ، هاوڕێ مەلا هاواری کرد کورە ئەحمەدۆک، وەرە هەتیم هەتا کەنگێ ئاقر نابی و واز لەو کەتنانە ناینی؟ شرت و شۆی ئەو کوڕەت پێشکاندم.
بە شەڕەفم ئەندام قاعیدییەکەت ساڵەک دووادەخرێ و دەبێت (تەوبیخ)ەکی مزرمزریشت بکەن.
ڕۆحت شاد مامۆستا لەبیرکراوەکەم
تکایە هەر بەڕێزێک یاداوەری لەگەڵ ئەو مرۆڤە مەزنە هەیە بینووسێ.
#حازم کوتک#
حازمی عەلی کوتک
#30-12-2020#
[1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.=KTML_End=