بەرزنجە شارەدێیەکە، سەربە شارۆچکەی #سەیدسادق#، پارێزگای #سلێمانی#یە، لە باشووری کوردستان. لە ڕووی کارگێڕییەوە بەناوی شارەدێی (سرۆچک) ناسراوە، بەهۆی بوونی قەڵای سرۆچکەوە.
بەرزنجە دەکەوێتە باکووری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانی لە ناوچەی #شارباژێڕ#. بەرزنجە لە ناوچەی مێژوویی شارەزووردا ھەڵکەوتووە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (650)ی کۆچی و شوێنی لەدایکبوونی سەید عەبدولکەریم بەرزنجی و جێگری یەکەمی سەید عیسا بەرزنجی و سەیدەکانی دیکەی بەرزنجەیە.
=KTML_Bold=ناوی بەرزنجە=KTML_End=
وەک دەگێڕنەوە، لە ھەندێک پەرتووک و دەستنووسی کۆنیش دا تۆمارکراوە، چەند خانوویەک لە پشت حوجرە، مزگەوتەکەوە ھەبووە، کە بە قامیش درووستکراون، خانووی بە قامیش درووستکراویش بە (زنج) ناو دەبرێت و، مزگەوت، حوجرەی (سەید عیسا و سەید مووسا)ش کەوتبووە بەرزنجەکانەوە، بۆیە ناوی لێنراوە (بەرزنج)، یان (بەرزنجە)، وەلێ لە ڕووی مانای وشەی (بەرزنجە)وە، بۆچوونی جیاواز لەبەردەست دایە، ھەندێک سەرچاوە بە (زەوی ھەمیشە سەوز) لێکی دەدەنەوە، سەرچاوەی دیکەشمان ھەیە بە (خانە باخ) ناوی دەھێنێت.
=KTML_Bold=بەرزنجە و خوێندەواری=KTML_End=
بەڵگەی خوێندەواربوونی ئەو (3-4) ماڵەی پێش ھاتنی (سەید مووسا، سەید عیسا) لەوێ بوون، ڕوون و ئاشکرایە، وتنەوەی وانە و پێگەیاندنی ئایینی لەسەر دەستی (حاجی خاڵی کاژاو) دا بووە، کە ھەر خۆشی لوتکەی بنەماڵەی (خالیدی)یە، وەلێ بەداخەوە ھیچ پاشماوەیەکی ئەو کاتەمان لەبەر دەستدا نییە، بەرھەمەکانی ئەم زانا گەورەیەی کورد تا ھەنووکە نەکەوتوونەتە بەردەستمان، ڕەنگە لەناوچووبن، لەوانەشە ڕۆژێک بێت بدۆزرێتەوە، بکەوێتە بەر دەستمان. وەلێ بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی لەبەر دەساماندایە، باری ڕۆشنبیری، ناوبانگی (بەرزنجە) دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (686کۆچی)، بۆ درووستکردنی حوجرە، مزگەوتی (سەید مووسا، سەید عیسای بەرزنجی)، کە ھەندێک (ھۆنراوەی فارسی، کوردی و عەرەبی)، ھەندێک (وتە) لەو کاتەوە بە یادگار ماوەتەوە، کە هیی (سەید عیسا ی بەرزنجی)ین، لە ڕووی کات و پاراستنی چەندین وشە، زاراوەی کوردی و زمانەوانییەوە جێگەی بایەخی مێژووییە، ھیوادارم بتوانم لە ئاییندەدا (دیوانی شێخ عیسای بەرزنجی … ژیان و بەرھەمی) کۆبکەمەوە، بە چاپی بگەیەنم، بۆ ئاگاداری خوێنەر لێرە دا چەند نموونەیەکی کوورت دەھێنمەوە:
نموونەی ھۆنراوەی کوردی / پێمە شوکرانە:
(پێمەشوکرانە واچن سەروماڵ بدەیم بەرانە
چوون دەستماڵ تەحیق یەگانە
ویساڵگا لوایم جەویساڵ یانە)
لە ھۆنراوەیەکی دیکەدا، دەفەرمووێت:
(حاجم چەرانە، حاجم چەرانە
حاجیان حاجم، حاجم چەرانە
حاجمی کەردەن پایەی خودانە
ھەرکەس وێش مەجمۆگا وێش خەتانە).
نموونەی ھۆنراوەی فارسی:
(کائنات است جسم ماجانیم
واصلات ڕا دلیل و بورھانیم
خاتمی اولیای دور قمر
وارت فقر شاە مردانیم)
=KTML_Bold=لە وتەکانی سەیید عیسای بەرزنجی:=KTML_End=
(ھەموو گوناھێک ئەگەرچی بچوکیش بێت بەگەورە بزانن، وە چاکەش ھەرچەندە زۆربێ بەکەم بزانن.)
(دەتوانن فێری زانست ببن. چونکە بنیادەم ھەر بە زانست بەرز دەمێنێتەوە.)
وەک ئاماژەمان پێی دا، بە گوێرەی ئەو بەڵگانەی تا ئێستا لەبەر دەستماندایە، سەید عیسای بەرزنجی سەرقافڵەی زانایان و، ڕۆشنبیران و، شاعیران و، نووسەرانی بەرزنجییەو، لە دووای ئەویش ھەزاران کەسی دیکە دێن وەکوو: (سان سەھاکی بەرزنجی کە دیوانە ھۆنراوەی خۆی ھەیە و تا ھەنووکە دەستنووسە، خاتوو (دایرەک ڕەزباری) ژنی دووەمی سەید عیسا کە ئەمیش دیوانە ھۆنراوەی خۆی ھەیەو دەستنووسە و، ... چەندانی تر).
کە ڕاستەوخۆ دوای سەید عیسا دێن، ئەم بووارە، نەوە دوای نەوە بەردەوام بووە، لێرەدا ھینانەوەی نموونەی بەرھەمی نەوەکانی دووای سەید عیسا بە پێویست نازانم چونکە نەوەکانی خاوەنی پەرتووک و دیوانی تایبەتیی خۆیانن، ئەگەر خودای گەورە تەمەن بدات لە بەرھەمی تایبەتییدا بەوردی باسیان دەکەین و نموونەش دەھێنینەوە.
=KTML_Bold=زانایان و گەورەپیاوانی بەرزنجە=KTML_End=
بێگوومان ژمارەی زانایان و، گەورەپیاوانی بەرزنجی ئەوەندە زۆرن ناتوانین ناوی ھەموویان بھێنین، وەلێ لەبەر پێویستی بابەتەکە ئاماژە بە ناوی ھەندێک کەسایەتی و ناوی زۆر ناسراو دەکەین وەکوو: (سەید عیسای بەرزنجی /666-754ک، سەید مووسا /656-696ک، بابا ڕەسوڵی گەورە، مەلا ئیبراھیمی بەرزنجی کە یەکێک بووە لە مامۆستایانی حوجرە و مەدرەسەی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە بەغدا، کابل کە ناوی تەواوی کاکە ئیبراھیمە و لە پەرتووکی (نور الانوار)ی (سەید ئەبو سەمەدی توداری)دا بەوردیی باسی کراوە. ژێنەر سەید محەمەد گەورەدێی زانای کورد لە بواری کیمیاگەردا، شێخ مارفی نۆدێ بەرزنجی، کاک ئەحمەدی شێخ، شێخ مەحمودی بەرزنجی مەلیکی کوردستان، زەینەلعابدین باباگەورەی موددەڕیسی بەرزنجی (باپیرە گەورەی نووسەر)، مامۆستا شێخ محەمەد بەرزنجی، بابا عەبدولکەریمی بەرزنجی (باوکی نووسەر)، سەید محەمەد تاھیر ھاشمی د. سەباح بەرزنجی، د. #فەرەیدوون عەبدول بەرزنجی#، د. سەعدی بەرزنجی، سەید ئەبوو بەکر بەرزنجی، کۆسار بەرزنجی، عەبدولڕەحمان بێلاف، مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای بەرزنجی، مامۆستا مەلا مستەفا، باباعەبدولکەریمی چەچەقەڵایی (چرچە قەڵایی) بەرزنجی کە لە #کەلار# دادەنیشێت، مەزڵومی شاعیر، مامۆستا واحید، مامۆستا بەکر، مامۆستا محەمەدی بەننا، مامۆستا عومەر مارف بەرزنجی …ھەزاران کەسایەتی دیکە).
لە وەسفی بەرزنجە دا زۆرێک لە شاعیران، و نووسەران، چ ئەوانەی بە ڕێبوواری بە (بەرزنجە) دا ڕەتبوون، یان تێیدا ژیاون، و ھەندێک جاریش ئەوانەی کەناو و ناوبانگی (بەرزنجە) یان بیستووە، یان خۆیان (بەرزنجی)ن، لە وەسفی سرووشت، شوێنگە، گەورەی، گرنگی (بەرزنجە) دا، ھۆنراوە یان پەخشانیان نووسیووە، ناسراوترین ئەو ھۆنەر و نووسەرانەش ئەمانەن (شێخ مارفی ڕیشەڵانی، #نالی#، #قانیع#، #شێخ ڕەزای تاڵەبانی#، شێخ مارفی نۆدێی بەرزنجی، محەمەد مەدەنی بەرزنجی کوڕی عەبدولڕەسوڵی بەرزنجی، د. شۆ،...).
لە کۆتاییدا بەم ھۆنراوەیەی حەزرەتی (نالی) تان دەسپێرم:
(کە جێگەت بۆ عیبادەت بێ، چ فەوقانی چ تەحتانی
کە حوبت بۆ سیادەت بێ چ بەرزنجی، چ باراوی
نەواڵەی تەوبە دەربێنە ھەتا تەن نەبووەتە سفرە
پیاڵەی شوشە بشکێنە ھەتا وەک کوپە نەشکاوی)
دیارە شارۆچکەی (بەرزنجە) زۆر لەمە زیاتر ھەڵدەگرێت و، ئەو باسە تەواوەش ھەڵدەگرین بۆ کات و، دەرفەتێکی دیکە و، بۆ بەرھەمێکی دیکەی تایبەت بە (بەرزنجە) لە دووتوێی زنجیرە پەرتووکێکدا، لەژێر ناوی (ئینسایکلۆپیدیای بەرزنجە)، کە ئێستا بەرگی یەکەمی تەواو بووە.
[1]