ئەو ساتانەی - کە پێم دەگەی
ئەی نەشمیلەی نەناسراوی، سەر ڕێگام
بەنازی دوودڵی و شەرم
چەپک.. چەپک
پرشنگی نازدار و گەرم
دەخەیتە باوەشی نیگام
منی شەیداش..
هەر بەدەم وێڵیی ڕێمەوە
ون و سەرسام
بەو داخی نەناسراوییەت.. دەتلێمەوە
وەک سرپەیەک
هێواش.. هێواش
لە هەنگاوی ڕێبوارە بێ باکەکانی
دەوروپشتما
دەتوێمەوە
دەتوێ.. مەوە
ئەی نازدارە خنجیلانە.. نەناسەکە
بۆ شەوگاران..!
کە خەیاڵت.. دەبێتە میوانی جێگام..
یەک پارچە بینایی هیوام..
باوەش.. باوەش..
پڕ دەبێ لە ڕووناکی و کام!!؟
بە دوێنێ شەو..
کە ڕۆژ بۆوە و.. زانیم تەنیام
تێر.. تێر
گریام
گریام؟!! [1]
هۆنەر: #دڵشاد مەریوانی#
پەرتووکی: #ببن بە تیشک#