فەسڵی ئەووەڵمان باسی شەهادەت
کە بناغەیە لەبۆ سەعادەت
شەهادەت وایە ئینسانی هۆشیار
بە دڵ بزانێ و جا بکا ئیقرار
بڵێ «أَشْهَدُ» ئەزانم بە دڵ
بە زمان ئەڵێم بە وێنەی بوڵبوڵ
«أَنْ لا إِلهَ» خودایێ بۆ خەلق
نییە «إِلاَّ اللّه» مەگەر زاتی حەق
یانێ ئەو زاتە ناوی «ئەڵڵا»یە
هەرچی سیفەتی چاک بێ، لەوایە
پاکە لە هەرچی عەیب و نوقسانە
پەنهان و دیاری لای ئەو یەکسانە
«وَ أَشْەَدُ» هەم ئەزانم تەحقیق
بە زمان ئەڵێم بە نەهجی تەسدیق
«أَنَّ مُحَمَّدا» بەڕاستی و یەقین
ئەو موحەممەدە کە پاکە و ئەمین
«رَسُولُ اللّه»یە ئەو پێغەمبەرە
بۆ جینن و بەشەر بە حەق ڕەهبەرە
پەیغامی خودای لەبۆ هێناون
ڕێگای نەجاتی پێ نیشان داون
بۆ ئیعتیقاد و باوەڕی بەکار
لەبۆ کردەوەی شەرعی و سەمەردار
هاتووە بە ڕەحمەت بۆ هەموو عالەم
بۆ پێغەمبەران بووە بە خاتەم. [1]
هۆنەر: #مەلا عەبدولکەریمی مودەریس#
پەرتووکی: #بارانی ڕەحمەت#