حەملی ئامینە بە مەولای عەرەب
ئەڵێن هاتە جێ لە مانگی ڕەجەب
پاش نۆ مانگ دەرچوو لە بورجی شەرەف
دونیای ڕووناک کرد تەرەف بە تەرەف
لە شاری مەککە بیستەمی نیسان
دونیای جوان کرد بە فەڕڕ و ئیحسان
دووشەممە، دوازدەی «ربيع الاوّل»
دونیا ڕووناک بوو بە نووری ئەکمەل
پێنجسەد و حەفتا و هەشت ساڵی تەمام
میلادی عیسا «عليه السّلام»
لەپاش جلووسی شای نەوشیرەوان
حەفتا ساڵ تەواو ڕۆیی بوو زەمان
پەنجا ڕۆژ لەپاش هێرش حەبەشی
سوپای ئەبرەهە و چەند فیلی وەحشی
شەوی عالەمی کرد بە چراخان
شێوەی زەوی کرد بە شێوەی باخان
شەوێ بوو شێوەی گەلێ جوان بوو
شاهی ڕۆژانی هەموو جیهان بوو
شەوێ تلووعی ئەو بەدرە وابوو
پڕ لە ئارامی و سەیر و سەفا بوو
وادەی قدوومی حەزرەتی سەروەر
هاودەم بوو لەگەڵ نەسیمی سەحەر
یانێ نزیکە ڕۆژ ببێتەوە
دەرگای ڕووناکی واز بکرێتەوە
بە پەیدا بوونی ئەوبوو کە زانست
بەیداخی هەڵگرت لەبۆ حەق پەرست
لەت لەت بوو تاقی هەیوانی کیسرا
ڕێگەی سەرکەوتن لە جیننی بەسرا
گۆلاوی ساوە ئاوەکەی ڕۆچوو
ئاگری مەجووسی کوژاوە و گوم بوو
سەر بەرەو ژێر بوو چەند تەختی شاهان
کەوتە گێژاو و بەختی گومڕاهان
وەختی وەلادەی سەییدی سەروەر
لەبۆ والیدەی نوورێ کەوتە دەر
شاری «بُصري»ی دی بە دوو چاوی سەر
ئای لەم ئیشارە «اللّه اکبر»
یانێ ئەم شاهەی مەککە مەقامە
تەختی ئوممەتی لە موڵکی شامە
بڕۆ بخوێنە کتێبی شیفا
بزانە چی بوو کەلامی شیفا. [1]
هۆنەر: #مەلا عەبدولکەریمی مودەریس#
پەرتووکی: #بارانی ڕەحمەت#