عومری سی و پێنج بوو کە قوڕەیش سەرجەم
کەوتنە تەعمیری کەعبەی موعەززەم
لەسەر دانانی «حَجَرُالأَسوَد»
کەوتنە شۆڕش، بێ سامان و حەد
هەموو حەزرەتیان کرد بە حەکەمیان
تا ئەو ئاشووبە لابا لەسەریان
وەها حوکمی دا شاهی شەرەفناک
دایان نا لەناو بەرماڵێکی پاک
بەرماڵەکەیان هەڵگرت بە کۆمەڵ
لەجێی خۆی دانا سەییدی ئەکمەل
دەفعی کرد لەوان شەڕ و بێعەرزی
خۆیشی گەیشتە مەرتەبەی بەرزی
لەو تاریخەوە کەوتە سەر خەیاڵ
کەوتە سەر فیکری خوای «ذُوالجَلال»
چۆن ئەبێ دونیا بێسەر و سامان
بێساحێب نابێ سەفحەی ئاسمان
ئەم ڕۆژ و مانگ و ئەستێرەی گەشە
ئەم سەر سوبحەینێی سەد نەشئە بەخشە
ئەم با و ئەم هەورە، ئەم گشت بارانە
ئەم چەشمەی ڕەوان، ئەم جۆبارانە
ئەم دەشت و سارای زومڕووتی پۆشە
ئەم کێوی بەرزی سەد هەوا نۆشە
چۆن ئەم سامانە بێساحێب ئەبێ؟
بێ حوکمڕان و مەراقیب ئەبێ
بەردێ یا دارێ ناشی بیتاشێ
بۆ حوکمڕانی ئەم دونیا ناشێ
بە هەناسەیێ کەسێ بتاسێ
چۆن خۆی بە گەورەی عالەم ئەناسێ
جیهاندارێکە لایق بۆ جیهان
یەکسان بێ لەلای ئاشکرا و پەنهان
هەروا بە خەیاڵ ئەگەیییە فەلەک
بە فیکری نازک ئەگەیییە مەلەک
هەر ساڵێ مانگێ ئەشکەوتی حەرا
بۆ ئەفکار ئەی کرد بە خەڵوەت سەرا
ڕۆحی پاک ئەکرد لە گشت عەلایق
دڵی چاک ئەکرد بە فیکری لایق
تا بۆی حاسڵ بوو مەرتەبەی کەماڵ
عومری عەزیزی گەیشتە چل ساڵ. [1]
هۆنەر: #مەلا عەبدولکەریمی مودەریس#
پەرتووکی: #بارانی ڕەحمەت#