جا بۆ دەفعی شەڕ لە گیانی یاران
هەم بۆ نەشری دین لە ڕووی دیاران
ئیجازەی فەرموو «نبيّ الرّحمة»
یارانی بڕۆن بۆلای «اصحَمه»
جا هیجرەتیان کرد یارانی بێغەش
بۆلای ئەسحەمە نەجاشی حەبەش
ئەویش بە مەردی و شیرین ڕەفتاری
موقیمی کردن بێ دڵ ئازاری
کۆمەکی کردن بە بەرزی هیممەت
بە ماڵ و سەروەت، بە جاﮪ و حورمەت
کە تێ گەیشتن کوففار لە خۆیان
هیجرەتی ئەسحاب زیان بوو بۆیان
لایێ شۆرەتە بۆ دینی ئیسلام
بە تێکۆشینی ئەسحابی کیڕام
لەلایێ حەبەش ئەکەن بە ڕەفیق
ئەگەر فرسەتیان پێ بدا تەوفیق
لایێ خۆش ئەکەن جێگە و مەئوایان
بۆ موسوڵمانێ بڕوا بۆلایان
چونکی خۆ ئەگەرن بە ماڵ و سەروەت
مەیدانیان هەیە لەبۆ کەسابەت
زوو بە پەلە پەل کوففاری ناشی
قاسیدیان ڕێخست بۆلای نەجاشی
لەگەڵ دیاری نایاب و جوان
بەڵکوو ئەو شایە گوێبگرێ لەوان
کۆچ کردووەکان بنێرێتەوە
هەرکەسیش ئەڕوا بیگێڕێتەوە
ئەمما نەجاشی بە نامووس و عەرز
ئەسحابی پاراست بە ئەخلاقی بەرز
وەفدی حیجازی تەواو تێگەیان
ئێمە قەومێکین ئەشراف و ئەعیان
دایم حازرین بۆ پەنای زەعیف
جا نەخوازەڵا لە قەومی شەریف
ئەم ئەسحابانە گشت بە ئەخلاقن
بە دین و ئایین، بەرزی ئافاقن
هەموو بە شەعبی خۆمیان ئەزانم
ئەیان پارێزم تا ماوە گیانم
هەر کەسێکی کەیش کە بێ بۆ حەبەش
وەرئەگرێ بۆ خۆی لە کۆمەکی، بەش
جا وەفدی کوففار بە دڵ شکاوی
هاتنەوە مەککە زۆر بە داماوی
هەر لەم لایشەوە دوو هۆزی غالیب
بەنی هاشم و بەنی موتتەلیب
یەک کەوتن لەبۆ کۆمەکی حەزرەت
کەوتنە ئیزهاری نامووس و غیرەت
بۆیە هەر ئەوان مەحسووبن بە ئال
هەر بۆ ئەوانە مایە و پایەی عال[1]
هۆنەر: #مەلا عەبدولکەریمی مودەریس#
پەرتووکی: #بارانی ڕەحمەت#