کە ئەمیانە دی قوڕەیشی کوففار
ترسان لە وزعی ڕەسوولی نازدار
گشت بە ئیتتیفاق پەیمانێکیان کرد
پەیمان نامەیان نووسی دەست و برد
هەموو بەری بن لەم دوو عەشرەتە
کە دڵیان لەسەر یاری حەزرەتە
چوون لە مەبدەئا لەمان جیاوازن
ژنیان نەدەنێ و لێیان نەخوازن
نەکەن لەگەڵیان خەرید و فرۆش
نەڕۆن بۆلایان نە ساغ نە نەخۆش
هەتا موحەممەد ئاوارە نەکەن
بێکەس و دەست و بێچارە نەکەن
ئەم پەیمان نامەی ناباری سەعبە
بردیان هەڵیان واست لە ماڵی کەعبە
فەقەت ئەو کەسەی ئەمەیە نووسی
تووشی شەلەل هات دەستی بنووسی
بەڵێ زۆر دەستی نووسەری پەستی
ماری ئەدبار و بەدبەختی گەستی
خۆلاسە خزمان بەمە «مَحْصور» بوون
ڕۆیشتنە کێو و لە مەککە دوور بوون
لەوەی مانەوە هەتاکوو سێ ساڵ
بە تەنگی وەزع و بە تاڵی ئەحواڵ[1]
هۆنەر: #مەلا عەبدولکەریمی مودەریس#
پەرتووکی: #بارانی ڕەحمەت#