وا لە نوبووەت تەواو بوو نۆ ساڵ
جا ئینجا بەعزێ لە ئەهلی کەماڵ
بۆ خزمەکانیان ڕەحمیان جۆشا
بۆ ئیسڵاحی بەین دڵیان خرۆشا
هەم لەو سەرەدا سەییدی غالیب
فەرمووی بە مامی بە ئەبووتالیب
ئەو پەیمان نامەی کە زوو نووسراوە
لە ماڵی کەعبە هەڵاوەسراوە
وەحی خودایی لەبۆم هاتووە
کرمی مۆرانە هەمووی خواردووە
مەگەر لەفزێکی کە موقەددەس بێ
عینوانی ناوی خودای ئەقدەس بێ
کە ئەمیە لێ بیست مامی بە تەکان
هات لەبۆ مەککە و فەرمووی بە خزمان
موحەممەد ئەڵێ ئەو پەیمان نامە
چونکە ئەساسی لەسەر حەرامە
هەمووی خوراوە مەگەر ناوی پاک
لەبەر حورمەتی خودای تەنیای تاک
بڕۆن لە کەعبە تەحقیقێ بکەن
ئەگەر وەها بوو تەسدیقی بکەن
ئیتر لابدەن لە ستەمکاری
دەست بەردار ببن لە دڵئازاری
حەیفە کە سیلەی ڕەحمی خزم و خوێش
ببٌی بە جەفا و جەور و سزا و ئێش
ئەگەر وا نەبوو من لەگەڵ ئێوەم
نادووم لەگەڵیا قەت بە دوو لێوەم
کە تاقێقیان کرد حاڵی بوون سەرجەم
واقیع وەها بوو، بێ زیاد و کەم[1]
هۆنەر: #مەلا عەبدولکەریمی مودەریس#
پەرتووکی: #بارانی ڕەحمەت#