ئاڵنگارییەکانی هونەر دژ بە هیچوپوچێتی سیاسەت
لێکۆلەر: #کامەران محەمەد قادر#
(بە هونەر دەتوانین جیهان بهێنینە سەما، بەڵام هەمیشە لە سیاسەتدا هەڵماندەپەڕێنن)!
لەنێو میللەتێکی گەمارۆدراودا، دوو هێزی ئەفسانەیی بەریەککەوتن: گاڵتەجاڕییەکانی سیاسەت و گەرمی و پرشنگداریی هونەر. سیاسەت بە کاڵایەکی گرانبەهاوە نمایشی خۆی دەکرد، ئەو دەیتوانی بۆ ماوەی ساڵێک خۆراک بە دانیشتووانی شارێک بدات، بەڵام دزی لە سامانی هەژاران دەکرد، بە دەستێکی لەرزۆکەوە وەک سەرتاشێک لە مووچەکانی دەبڕییەوە و زەوی و ئاو و زێڕی ڕەشی میللەتەکەی بە چاوبرسیە بێگانەکان دەفرۆشت!
لەم نێوەندەدا، سیاسەت ئاهەنگی شاهانەی ڕێک دەخست، کە تێیدا شامپانیا وەک فوارە بە ئاسماندا هەڵدەچوو، بەڵام دانیشتووانەکەی قەیرانی ئاوی خواردنەوەیان هەبوو! چونکە تەواوی نیشتمان فرۆشرابوو. ئەم ئاهەنگانە لە ماستاوچییە قات و بۆینباخ لەبەرەکاندا جمەی دەهات، کە بەرانبەر گاڵتەجاڕییە ترسناکەکانی سیاسەت دەمیان پان دەکردەوە و چەپڵەیان بۆ وتارگەلێک لێدەدا کە هەر لەهەوای دەرچوونی میزەڵانێک دەچوو!
بەڵام دواتر، هونەر هەبوو. هونەر تەواو پێچەوانەی سیاسەت بوو: (زیندوو)، (سەرنجڕاکێش) و (جوان) و (داهێنەر) بوو، ئەو بەتەنیا خەڵکی نەدەدوان؛ بەڵکوو گۆرانی دەچڕی و سەمای دەکرد و نیگاری دەکێشا و هۆنراوەی دەخوێندەوە، تەنانەت ڕەقترین دڵەکانیشی وەک کەرەی بەر خۆری ڕۆژێکی گەرمی هاوین دەتواندەوە. چونکە لەبنەڕەتدا هونەر لە خەڵکی ئاساییەوە لەدایک ببوو، هیوا و خەونەکانیانی بەرجەستە دەکرد و تەنانەت شەنگەبێری و مەڕدۆشین و کاکی جوتیاریشی فەرامۆش نەکردبوو.
درووستکراوەکانی هونەریش تەواو وەک گەندەڵییەکانی سیاسەت خەڵکی کۆدەکردەوە، بەڵام بەڕێگەیەکی باش، خەڵک بۆ بینینی نمایشە هونەرییەکان هەنگاویان دەنا، کە بەشێکیان کۆنسێرت بوون، بەشێکیان بەستنی کۆڕی شیعریی و کردنەوەی پێشانگای وێنەیی و ...تاد بوون. دیاربوو هەموو گۆرانییەک و فڵچەی دەستی نیگارکێشێک و بەیتێکی شیعریی وەک هەناسەی ژیان وابوو، بۆ ئەو جیهانە ڕەش و خەمناکەی کە سیاسەت درووستی کردبوو.
ئێوارەیەک، کە سیاسەت سەرقاڵی خواردنەوەی (بەرمیلێک!) ویسکی بوو، هونەر خەریکی ڕێکخستنی نمایشێکی سەرنجڕاکێشی ساڵی 1988 بوو! بینەران کە تەواو لە قسە بێماناکانی سیاسەت بێزار ببوون، لە هۆڵێکی سینەمادا کۆبوونەوە. نمایشی فلێمێکی ڕاستەقینەی دەکرد، کە هەوڵی گەڕاندنەوەی مرۆڤەکانی بۆ خود و واقیعی ڕاستەقینەی خۆیان دەدا، واتە ئەوەی سیاسەت دەیویست لەبیریان بباتەوە، هونەر یادی دەخستنەوە.
سیاسەت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بە سەرنجدان لە بەرزبوونەوەی کاریگەریی و جەماوەری هونەر لە کۆمەڵگەدا، وەک پشیلەیەک لە نمایشی سەگەکاندا تووشی شۆک ببوو. بۆیە سیاسەت لە وتارێکدا کە 90% قسەکانی بێمانا بوو، بە دەنگێکی بەرز وتی: هونەر، مێشکی خەڵکی بە بیرۆکەی مەترسیداری وەک هیوا و شانازی پڕ دەکاتەوە!
هونەر ڕاستەوخۆ، بە داهێنانێکی زیاترەوە وەڵامی دایەوە. نمایشی داهاتوو کۆنسێرتێکی مۆزیکی داستانیی دەبێت، سەبارەت بە گوتە بەناوبانگەکەی ماری ئەنتوانێت: (دەتوانن کێک بخۆن)، بەوەش مەبەستی تیشک خستنە سەر پچڕانی تەواوەتی سیاسەت لە واقیع بوو، خەڵکەکە پێکەنین تا گریان! ئەمەش گۆڕانکارییەکی جوانتر بوو، لەوەی کە تەنیا هەر بزانن بگرین.
خەڵکی بە ئیلهام وەرگرتن لە هونەر، لە نواندنە چەواشەکارییەکانی سیاسەت تێگەیشتن. ئەوان لەلایەکەوە بە تەنز و نمایشی گاڵتەجاڕیی و لەلایەکی تریشەوە بە کوورتە فیلم و نمایشی شانۆ و مۆزیکی ئاست بەرز گاڵتەیان بە سیاسەتی چەواشەکار دەکرد.
سیاسەت وەک وێنەی ئیمپراتۆر (نیرۆن) بوو، لە کاتێکدا ڕۆما دەسوتا (یان لەم دۆخەدا کاتێک کەرامەتی میللەتەکەی دەڕوشا) ئەو سەرقاڵی ڕابواردن بوو، بەڵام هونەر ڕۆحی (#ئەحمەد موختار بەگی جاف#) ئاڕاستەی دەکرد و ئەوەی بیر دەخستینەوە کە
(سەیرکە چۆن خەریکن چەند کەسێ ئێستا وەتەن وێران دەکەن
نەزانان بۆ ئیستفادەی زاتی خۆیان ڕۆژ و شەو
لەم موحیتە مەنعی عیلم و سەنعەت و عیرفان دەکەن
ڕوڕەشی دنیا و قیامەت ئەو نەفامانەن کەوا هەجووی
قەوم و میللەتی خۆیان بە پارە و نان دەکەن)
لەگەڵ گەشەکردنی کاریگەرییەکانی هونەر، سیاسەت کێچ کەوتە کەوڵییەوە، بۆیە هەوڵیدا بەتوندی دەستی بەسەردا بگرێت، بەڵام وەک ئەوە وابوو، کە هەوڵی تێپەڕاندنی گوریسێک بە کونی دەرزییەکدا بدات. خەڵکی کە ئێستا گوێدەگرن و ڕادەمێنن، تا کەرامەتی خۆیان بەدەست بهێننەوە. لەباتی گوێگرتن لە وتاری بەتاڵی سیاسەت، لەگەڵ مەقام و قەتار و ئەڵڵاوەیسی و سیاچەمانەدا ئاشت دەبنەوە، هەموو فەرمانێکیشان دەکرد بە نوکتەیەکی گاڵتەجاڕانە و هەموو ئابڕوچوونێکی گەندەڵییان دەکردە ژمارەیەک نۆتەی مۆزیکی بێوێنە.
لە کۆتاییدا، ئەوە سامان و دەسەڵاتی سیاسەت نەبوو کە چارەنووسی میللەتەکەی دیاریکرد، بەڵکوو هێزی هونەر بوو کە ناتوانرێت بووەستێنرێت. هونەر بە گاڵتەجاڕیی و داهێنانەوە دەتوانێت قەڵای گەندەڵیی و فێڵبازی بڕوخێنێت، تابلۆیەکی داهاتووی کێشاوە، کە تێیدا ئومێد و شانازیکردن دەدرەوشێتەوە. خەڵکی بە گۆرانی و پێکەنین یەکدەگرن، بە ڕێنموویی ئاوازەکان و تابلۆگەلێکی ڕەنگاوڕەنگ و نمایشێکی ناوازە و بەڵێنی سبەینێیەکی گەشاوەتر و ئاسوودەتر، دەستیان بە بونیادنانەوەی نەتەوەکەیان دەکەن.
سیاسەت ئێستا جێگەی گاڵتەپێکردنە، ناتوانێت ڕکابەری هێزی ئەفسوناوی و جوانی بکات. بەم شێوەیە، میللەت هێزی ڕاستەقینەی خۆی دۆزیەوە، نەک لە بەڵێنە زڕەکانی سەرکردە گەندەڵەکاندا، بەڵکوو لە ڕۆحی زیندووی هونەردا، کە دواجار ئەو پێکەنی، ئەوەی سیاسەتیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دۆڕاندی، ئەو هیواش هێواش و بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر دەیەوێت بەدەستی بهێنێتەوە. [1]