زووتر ڕۆیی بوون زەید و بوورافیع
بە دوای عائیلەی سەییدی شافیع
جا لە مەککەوە ئەو دوو ئەمینە
عەیالیان هێنا لەبۆ مەدینە
سەییدە سەودە و فاتیمەی زەهرا
«امّ کلثوم» و ڕوقەییەی سوغرا
«امّ ايمن» و ئوسامە، هەموو
دڵیان بە لیقای ئەو شاهە خۆش بوو
عەبدوڵڵای کوڕی بووبەکری ئەفزەڵ
عائیلەی خۆیانی هێنا بە کۆمەڵ
یاران لە مەککە و ئەتراف هەرچی بوو
هیجرەتیان فەرموو بۆ مەدینە زوو
گشت گرد بوونەوە بە شەرم و تەمکین
یەک حاڵ و یەک ماڵ، یەک دڵ و یەک دین
حەزرەت مەشغووڵ بوو بە نەشری ئیڕشاد
لەبۆ تەوحیدی خالیقی عیباد
بۆ هێز و ئەسباب کەوتە ئیستیعداد
بۆ دەفعی فیتنە و ئاشووب و فەساد
ئەگەر بە ئیڕشاد نەگا بە نەجاح
بە کاری بێنێ بۆ غایەی ئیسڵاح
دەعوەتی ئەکرد ڕەئیس و ئەشراف
چەن تیپێ عومدەی هەنارد بۆ ئەتراف[1]
هۆنەر: #مەلا عەبدولکەریمی مودەریس#
پەرتووکی: #بارانی ڕەحمەت#