مەعازی هەنارد شاهی موئتەمەن
هەم ئەبوومووسا بۆ خاکی یەمەن
خالیدی هەنارد بۆ خاکی نەجران
عەلی بۆ یەمەن، بۆ نەشری ئیمان
ڕۆیی و هاتەوە بە فەتح و زەفەر
بۆ حەجیش گەیشت بە «خير البشر»
لەم ساڵەدا بوو «حجّة الوداع»
سەد و چوار هەزار ئەسحاب بە ئیجماع
وەکوو پەروانە بە دەوری شەمعا
ئەویش وەک چرا لە حەلقەی جەمعا
چوون لەبۆ حەجی بەیتوڵڵای مەعموور
بە ئیخلاسی دڵ بە سەفا و حوزوور
لە ڕۆژی جەژنا لە خاکی «مِنىٰ»
جوبرەئیل سوورەی «نصر»ی بۆ هێنا
بە دوای ئەوا هات لەسەر تەراکوم
ئایەی «الْيَوْمَ أَکْمَلْتُ لَکُمْ»
حەزرەت حاڵی بوو کە مەعنای ئیکمال
خیتامە لەبۆ وەحی «ذو الجلال»
لەپاش «نصر» و «فتح» ئەمر بە تەسبیح
حەمد و ئیستیغفار ئیمایە و تەلمیح
بەمە نزیکە وادەی وەفاتی
بڕوا و شاد ببێ بە لیقای زاتی
ئینجا بانگی کرد حەزرەت لە زەهرا
پێی فەرموو ئەوا دەعوەتم کرا
وادەی ڕیحلەتە لە دونیای فانی
وادەی وەفاتە و لیقای ڕەببانی
جا گریا بە جۆش فاتیمەی بەتوول
تا تەسکینی کرد حەزرەتی ڕەسوول
کە گەڕانەوە لەبۆ مەدینە
لە غەدیری خوم، ئەو پڕ تەمکینە
خوتبەیەکی خوێند گەلێ بە قیمەت
بۆ دین و دونیا هەتا قیامەت
بۆ فەرد و کۆمەڵ بۆ دین و ئەخلاق
بۆ بەرزی ئیسلام لە کورەی ئافاق
بۆ شوێن کەوتنی سوننەت و کیتاب
بۆ ئیستیقامەت لەسەر ڕێی «صَواب»
جا کە هاتەوە و گەییە مەدینە
ئەو پایە بەرزەی ساحێب تەمکینە
لە جاران زۆرتر مەشغووڵ بوو بە دین
بە حەمد و زیکری خودای عالەمین[1]
هۆنەر: #مەلا عەبدولکەریمی مودەریس#
پەرتووکی: #بارانی ڕەحمەت#