بە فەڕی ئەو بوو کە وا هاتە شیر
مەڕەکەی «ام معبد»ی فەقیر
چەن خورمای بەخشی بە «عبد الرحمن»
ئەبووهوڕەیڕەی مەشهووری زەمان
لەو تاریخەوە تا فەوتی عوسمان
لەوانەی ئەخوارد بە توولی زەمان
زەرفی خورماکەی لەو ڕۆژا ون بوو
بۆیە بە ئاﮪ و ئەسەف ئەیفەرموو:
«لِلنّاسِ هَمٌّ وَ لِي هَمّانِ
هَمُّ الْهَمْيانِ وَ هَمُّ الْعُثْمانِ»
بە یەک چتیر و مەنێ جۆ بە حەق
هەزار کەس تێر بوو لە غەزای خەندەق
لە غەزای تەبووک لەبەر کەمی نان
شکاتیان هێنا بۆ شاهی زەمان
ئەویش ئەمری کرد هەرکەس هەرچی بوو
هێنایان بۆلای زۆر بوو یا کەم بوو
هەموویان داکرد لەسەر یەک سفرە
پیا بەش کردنەوە بۆ دەفعی عوسرە
هەموو بەشیان برد بە ئارەزووی دڵ
سوپا ڕزگار بوو لە دەردی موشکڵ
بێنە یادی خۆت لە حودەیبییە
یاران و شاهی «خیر البریّە»
کاتێ ڕۆیشتن بۆ ئەو سەراوە
حاڵی بوون کانی وشک و بێئاوە
حەزرەتی سەروەر نێزەی خستە ناو
کانی هاتە جۆش بە وێنەی سەراو
دەسنوێژیان گرت و ئاویان خواردەوە
کانی و ئاوەکەیش هەروا مایەوە
سەفەرێکی@تر لە ڕووی دیاران
بۆ ئاوی دەسنوێژ دامابوون یاران
غەیری کاسەیێ قەتعەن ئاو نەبوو
جا تەشریفی برد حەزرەت زوو بە زوو
دەستی خستە ناو ئەو کاسە ئاوە
کاسە هاتە جۆش وێنەی سەرچاوە
تا دەسنوێژیان گرت یارانی بە عام
بە یومنی زاتی «علیە السّلام»
پەنایان هێنا قەومێکی فەقیر
لەبەر ناخۆشی و کەمی ئاوی بیر
تەشریفی ڕۆیی و ئاوی دەمی خۆی
کردە ئەو بیرە خۆش بوو تام و بۆی
ئاویشی زۆر بوو بە سافی و خۆشی
چونکی لە ئاوی حەیاتی نۆشی
میوانداری کرد حەزرەتی بەشیر
بۆ ئەهلی «صُفّه» بە کاسەیێ شیر
هەرکەس بە قەد خۆی لێیان خواردەوە
کاسە شیرەکەیش هەروا مایەوە
شەخسێ «رحمةً للعالمين» بێ
ئەبێ ڕزگاری هەر بەو تەئمین بێ
دەستێ هاو دەستی «روح القُدُس» بێ
مەوریدی فەیزی خودای ئەقدەس بێ
چۆن شیفای خەستە بەو دەستە نابێ
یا سەفای سینەی دڵ خەستە نابێ
دڵێ کە جێگای نووری خودا بێ
ئەبێ تەمەننای لای ئەو ڕەوا بێ
دەمێ کە زیکری زات و سیفات بێ
ئەبێ نمی ئەو ئاوی حەیات بێ
ڕەحمەتی خودا ڕووی کردە هەرکەس
بۆ تاریکە شەو ئەبێ بە قەبەس
ئەبێ بە پەنا بۆ هەموو عالەم
ئەبێ بە دەوا بۆ ئێش و ئەلەم
ڕۆحم بە فیدای ناو و نیشانت
دڵ داوا ئەکا نەشئەی ئیحسانت
لوتفت مەرهەمی زامی زەلیلە
بۆ قاپی ئیحسان ناوت کلیلە
خۆم خستە قاپی ئەمن و ئەمانت
وەک عەرەب دەخیل دەسمە دامانت
کوردم، بوردییەم نەزمی کوردییە
پەنام هێناوە، وەختی مەردییە[1]
هۆنەر: #مەلا عەبدولکەریمی مودەریس#
پەرتووکی: #بارانی ڕەحمەت#