ئەعلای موعجیزەی سەییدی عەدنان
لەفزی پڕ مەعنای ئایاتی قورئان
بە ئەمری خودا قەرار دراوە
قورئان لە لەوحا هەمووی نووسراوە
وەری گرتووە جیبریلی ئەمین
بە ئیلقای خودای «ربّ العالمين»
بە بیست و سێ ساڵ بەپێی ئیحتیاج
هێناویە بۆلای شاهی ساحێب تاج
پەری و فریشتە و هەموو ئادەمی
ناگەن بە وێنەی، نە زۆر نە کەمی
نەک دەسوورەتی «اَقْصَرُ السُّوَر»
دوورە لە هێز و تاقەتی بەشەر
مەبنای سەفایە و شیفای سدوورە
مەعنای حیکمەتە و ڕەحمەت و نوورە
تیا هەیە باسی ئەووەڵ و ئاخر
پڕە لە خێری باتین و زاهیر
ئەسراری زۆری لێ ئەبێ عەیان
عولەمای ئەوێ، ئەمما لە ئەعیان
ئەو تەرغیب ئەکا پەری تا بەشەر
لەسەر ئیشی چاک، لەسەر دەفعی شەڕ
لەسەر عەقیدە و باوەڕێکی پاک
لەسەر کردەوە و ڕەفتارێکی چاک
لەسەر ئیسڵاحی ڕەوشت و ئەخلاق
بۆ هەموو بەشەر لە هەموو ئافاق
لەسەر کۆمەکی بۆ خێر و ئیحسان
بە گیان و بە ماڵ، بە حورمەت و شان
لەسەر ڕووخۆشی و ئیمان و سەفا
لەسەر چاوپۆشی و پەیمان و وەفا
لەسەر سیلەی ڕەحم، بۆ خزم و بۆ خوێش
لەسەر دڵسۆزی بۆ شاﮪ و دەروێش
قورئانە ئەڵێ قەت غافڵ مەبە
لە ئیتاعەی حەق قەت ماتڵ مەبە
ئەڵێ تێکۆشە بۆ ئادابی دین
فەرامۆش مەکە بەشی خۆت لە ژین
ئەمرت پێ ئەکا بە حیفزی نوفووس
عەقڵ و ئایین و سەروەت و نامووس
لەبۆ خاس و عام وا ئەدا فتوا
کەڕامەت نییە ئیللا بە تەقوا
هەرکەس ئەتقا بێ یەقین ئەو کەسە
هەر ئەو ئەکڕەمە و هەر ئەو ئەقدەسە[1]
هۆنەر: #مەلا عەبدولکەریمی مودەریس#
پەرتووکی: #بارانی ڕەحمەت#