#مەسعود بارزانی# لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووەوە و هاوڕا بوون لەسەر چارەکردنی پرسە پەیوەندیدارەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی بەگوێرەی یاسا و دەستوور.
مەسعود بارزانی، لە ماڵی سەرۆکی ڕەوتی حیکمە، لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووەوە و چەند پرسێکی گرنگیان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، مەسعود بارزانی و سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆک بوون لەسەر بەردەوامبوون لە چارەکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەر دوو #حکومەتی هەرێمی کوردستان# و حکوومەتی فیدراڵی بەگوێرەی یاسا و دەستووری ئێراقی.
لە کۆبوونەوەکەدا گرنگیی یەکخستنی هەڵوێستی نیشتمانی بەرانبەر پرسە جیاوازەکانی پەیوەست بە بەرژەوەندی ئێراق و بەردەوامیدان بە هەوڵەکانی چارەکردنی کێشەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەڕڵەمانی ئێراق و هاوکاریکردنی هێزە سیاسییە پەیوەندیدارەکان بۆ چارەکردنیان دووپات کرایەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە کۆبوونەوەکانی مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و بەشێک لە سەرکردەکانی ئێراق، گفتوگۆ لەبارەی بەردەوامیی هەماهەنگیی نێوان #بەغدا# و #هەولێر# کرا، هاوکات جەخت لە چارەکردنی سەرجەم کیشەکان کرایەوە. [1]