ناونیشانی پەرتووک: جیلوەی ئەخلاقی ئیسلامی
ناوی نووسەر: محەمەد عەبدول لەتیف ئەنصاری (محمد عبداللطیف انصاری)
ناوی وەرگێڕ: #بەرزان محەمەد#
وەرگێڕان لە زمانی: عەرەبی
دەزگای پەخش: #ناوەندی تەفسیر#
=KTML_Bold=دەربارەی پەرتووکەکە:=KTML_End=
ئەم پەرتووکە باس لە بەهاکانی ڕەوشت و ئادابە کەسی و کۆمەڵایەتییەکان دەکات لەژێر ڕۆشنایی ئایەتەکانى قورئانى پایەبەرزدا، بەتایبەت سوورەتی (الحُجُرات). بە بڕوای نووسەر، ئەم سوورەتە بریتییە لە: ئاوێنەیەک و تەواوی حیکمەت و ئەخلاقی ئیسلامیی تێدا دەبینرێت و هەموو موسوڵمانێک دەتوانێت بە پەیڕەویکردنی وانە ژیانبەخشەکانی، ڕێگە و ڕێبازی ڕاستی و درووستی بگرێتە بەر.
نووسەر، پەرتووکەکەی بە کارنامەی ئەخلاقی ئیسلامی دەستپێدەکات و بەرپرسیارییەتییە هاوبەشەکانی (باوک و جگەرگۆشە و ژن و مێرد) دەژمێرێت و باسیان دەکات. لە درێژەدا، بە پشتبەستن بە ئایەتەکانی تری قورئانى پایەبەرز و فەرموودەکانی پێغەمبەری ڕەحمەت و میهرەبانی (ص)، بەتایبەتى تیشک دەخاتە سەر چەمکە بەنرخ و گرانقەدرەکانی سوورەتی (الحُجُرات) و بە شێوازێکى تایبەت لێکدانەوە و تەفسیریان بۆ دەکات. خوێندنەوەی ئەم پەرتووکە، نەک هەر بۆ خوێنەری موسوڵمان و ئیماندار، بگرە بۆ خوێنەری لادین و بێدینیش گرنگە، بۆ ئەوەى وەکوو پێویست دەرک بە حەقیقەت و بەهاکانی ئەخلاق و ڕەوشتی ئیسلامی بکەن؛ ئەگەر چەندان پەردەی ئەستوور بەسەر ژیری و ویژدانیاندا دانەدرابنەوە.
پڕۆفیسۆر د. نوور محەمەد ئومەرا، مامۆستای کۆلێژی ئەدەبیاتی عەرەبی لە زانکۆی نێودەوڵەتیی «ئیسلام ئاباد»، پێشەکییەکی تێروتەسەل و ئێجگار جوانی بۆ پەرتووکەکە نووسیوە کە خۆی لە خۆیدا هەڵگری دەیان وانەی ئەخلاقی و ئیمانییە. ئەم پەرتووکە، وێڕای ڕەهەندە دینییەکەی، لە ڕووی ئەدەبییشەوە گرنگییەکی تایبەتیی هەیە، چونکە بە شێوازێکی ئەدیبانەی ئێجگار جوان و دڵگیر نووسراوە. بۆیە خوێنەر بەر پەرتووکێک دەکەوێت تەواو جیاوازە لە هەر پەرتووک و نووسینێک کە پێشتر لەم ڕووەوە نووسرابێت. [1]