بەردەڕێژە با جوان بێ هاوسەری گەوهەر نییە
پارە و مڵک و مەعاش و خەزنە وەک جەوهەر نییە
شاری ڕەی بۆ ڕۆستەمە جێی ڕەحمە و ئەسمەر نییە
سەر کە خاڵی بێ لە فکری میللەت قەت سەر نییە
دڵ کە گەرمی تیا نەبێ قەت قابلی دولبەر نییە
تێپەڕی دەوری تفەنگ و لەشکر و گورزی گران
یەکێتی پێویستە ئەمڕۆ بۆ بڵندی نیشتمان
با بزانن هەر لە شاوە تا گەدا و میر و شوان
پیاوەتی ئەمڕۆ بە نووکی خامەیە و نوتقی زمان
ئیددیعا موحتاجی شیر و ئەسڵەحە و خەنجەر نییە
کوا دلێرێ هیچ نەترسێ خۆی بخاتە نێو خەتەر
هەڵبکاتە سەر فغان و گریە و شین و چەمەر
تاجی ئازادی لە بن بەحری خەما بێنێتە دەر
بۆ بڵندی نیشتمان و ڕاوی ئازادی سەفەر
کوردە ئەمما کام سەفەر سەیرانی سەر بەربەر نییە
بازی ڕۆحی کاوەیە ئەمڕۆ لە ناوا هەڵفڕی
ڕۆستەمی زابول زەمینی کفنی خۆی وا دادڕی
سەد وەکوو فەرهادی کەلهوڕ پەردەی جەرگی خۆی دڕی
شێر لە خوێنی خۆی گوزەشتی کرد و نەعرەی هەڵبڕی
ڕێوی ئەمری کرد کە نۆبەی نەعرەتەی حەیدەر نییە
گەر تەمایەر گەنج ئەبن، فەرموو دە با ڕەنجی بدەین
باری خۆمان بۆ هەوارگەی ژین و سەربەستی ببەین
گشت بە جارێ ئیتفاقی بێ درۆ و بێ گەڕ بکەین
گێرە شیوینێ کە نەیهێشت سووڕی ڕاحەتی قەت بدەین
خۆی بنەی بێ کار و ئیشە قەت خەتای سەرپەڕ نییە
دەستەیەک دایم خەریکە کۆمەڵ سەروەت بکات
تاقمێکیش هەر خەریکە خۆی چەشی نیعمەت بکات
هێندێ ڕەحمەت جۆیە، نابێ قەت کە ئەو زەحمەت بکات
کەمتیار هەر وا لەسەر فکری کوزی قیمەت بکات
سەد پڵنگ لەت لەت کرێ، ئەو داخلی دەفتەر نییە
ئاگری خس دەروونی دەستەیێکیش هەڵگڕا
داوێنی نامووسی هەندێ وا لەدەس بەربوو دڕا
خۆ پسا پردی تەحەمول تالی هەمواری چڕا
وا چەقەڵ باوی نەما، ئێسقانی مرداری بڕا
قانعی بۆچی لە فکری نانی بێ پڕ گەڕ نییە
هۆزانەوان: پێنجخشتەکی کوتەک لەسەر شیعری #قانع#ی باوکی
دیوان: #دەشتی گەرمیان#
[1]