بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی #زاخۆ# وتی: لە زاخۆ لەسەر ڕووبەری 800 دۆنم زەوی، دەست بە درووستکردنی ناوچەیەکی گەورەی پیشەسازی کراوە و بڕیارە زیاتر لە 200 کارگەی لە ھەموو بوارەکانی پیشەسازی لێ درووست بکرێت.
جگەرخوێن تاھر، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنان لە زاخۆ، وتی: لە زاخۆ لەسەر ڕووبەری 800 دۆنم زەوی دەست بە درووستکردنی ناوچەیەکی گەورەی پیشەسازی کراوە، ئێستا خزمەتگوزاری بۆ دابین دەکرێت و ڕێگای بۆ درووست دەکرێت کە خزمەتگوزاری تەواو بوو دەست بە درووستکردنی کارگەکان دەکرێت.
جگەرخوێن تاھر وتیشی: بڕیارە زیاتر لە 200 کارگەی گەورە لەو ناوچە پیشەسازییە و لەسەر ڕووبەری 2 ھەزار مەتر درووست بکرێت، تا ئێستاش 25 پروپۆزەلمان بۆ ھاتووە بۆ ئەو پڕۆژەی پیشەسازییە، بۆیە دوای تەواوبوونی خزمەتگوزارییەکان بۆ ھەر وەبەرھێنەرێک زەوی تەرخان دەکرێت بۆ ئەوەی کارگە درووست بکەن، کارگەی پیشەسازی ھەموو بوارێکی لێ درووست دەکرێت ھەر وەبەرھێنەرێک بیەوێت لە ھەر بوارێکی پیشەسازی کار بکات زەوی بۆ تەرخان دەکرێ.
تاھر باسی لەوەش کرد: خزمەتگوزاریی پێویستیش بۆ ناوچەی پیشەسازی زاخۆ، ڕێگا، ئاو، کارەبا، بنکەی پۆلیس، تەندرووستی، بنکەی ئاگر کوژێنەوە، کافێ، خواردنگە، مزگەوت و زۆر شتی دیکە لەخۆ دەگرێت، بۆیە کاتمان پێویستە بۆ ئەوەی ناوچەیەکی پیشەسازی مۆدێرن لە زاخۆ درووست بکەین و بتوانین لەو ڕێگەیەوە پەرە بە کەرتی پیشەسازی بدەین. [1]