لەخۆنامۆبوون لە سەرمایەداریدا
نووسینی: #کەمال چۆمانی#
گۆڕانە سیاسیی و ئابوورییەکان، بەتایبەت گۆڕانکارییە ئابوورییەکان لە دوای ساڵی 2003ەوە، کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر کۆمەڵگەی ئێمەدا درووستکردووە. سرووشتی سەرمایەداری وایە مرۆڤ لە خۆی، لە کۆمەڵگەکەی، و لە سرووشت نامۆی دەکات. کاتێک مرۆڤ لە خۆی نامۆ دەبێت، هەستێکی تەنیایی قوڵ دایدەگرێت و تووشی خەمۆکییەکی گەورە دەبێت. ژیان مانای نامێنێت و پوچی جێی مانا دەگرێتەوە. دۆخێک درووستدەبێت، وەک (ئێریک فرۆم) لە ڕاکردن لە ئازادی پەیوەست بە (کۆمەڵگەی نازی) ئەڵمانی باسی دەکات، سایکی مرۆڤ دەبێتە دەروونێکی سادۆ-ماسۆچیستیک.
سادیزم بەو مانایەی کە مرۆڤ دەیەوێت کۆنترۆڵی ئەوانی دی بکات و چێژ لە ئازاردانیان وەردەگرێت. ماسۆچیستیک دۆخێکە مرۆڤ حەز بەوە دەکات کەسێکی تر کۆنترۆڵی بکات و چێژ لە ئازاری خۆی وەردەگرێت. لەو دۆخەدا، لە کۆمەڵگەدا، کەسانێکی دەرووننەخۆشی سیاسی پەیدادەبن کە خەڵک کۆنترۆڵ دەکەن و ئازاری ئەوانی دی دەدەن. ئەو مرۆڤە تەنیا و لەخۆنامۆبوانەش کە بەتەنیا ناتوانن ئازاری ئەوانی دی بدەن و کۆنترۆڵی خەڵک بکەن، وێنەی خۆیان لەو سادیستە دەبیننەوە کە خەڵک کۆنترۆڵ دەکات. لەو دۆخەدا، کەسانی لەخۆنامۆبوو دەبنە پشتیووانی سیاسەتمداری سادیست تا کۆنترۆڵیان بکات و چێژ لە کۆنترۆڵە وەردەگرن.
لە دۆخێکی وادا کەسانی ئۆتۆریتارییەن، واتا کەسانی دەستەڵاتخوازی ملهوڕ و تاکڕەو، گەشەدەکەن و دەردەکەون.
دۆخێک درووستبوە کە ئەگەر سیاسەتمەدار یا مەلا یا تەنانەت ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس و ئەکادیمی یا ئینسانێکی سادیست نەبی، کەسێکی ملهوڕ و دوڕوو و درۆزن نەبی، کۆمەڵگە بە هەڕەشەت دەزانێت چونکە تۆ دەبیتە هەڕەشە لەسەر ئەو ڕوبەرە ئارامەی کە نائاگایییانە ئەوانی دی کۆنترۆڵ کردووە. لە دۆخێکی وادا، ئاکتێکی هەرە شۆڕشگێڕانەیە کە تۆ بتوانی دژ بەو مرۆڤە سادۆ-ماسۆچیستیکە بیت کە لەسەرەوە باسمکرد. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لەخۆنامبوون، خەون و کردەی بەکۆمەڵ تەندرووسترین میکانیزمی بەسەردازاڵبوونە.
=KTML_Bold=خەون و کردەی بەکۆمەڵ=KTML_End=
(یانیس ڤارۆفاکیس)، پڕۆفیسۆری ئابووری و وەزیری دارایی پێشووی یۆنانی، لە دۆکیومێنتارییەکی شەش بەشی بە ناوی (لە چاوی زریاندا) کە باسی ژیانی ڤاروفاکیس و تێڕوانینەکانییەتی بۆ سیستەمی کاپیتالیزمی جیهانی، پەیوەست بە ئازادی و ڕزگاریی هەر کەس و گەلێک، پێی وایە کاری بەکۆمەڵ مەرجی پێشوەختەن. ئەگەر بە من بڵێن گەورەترین کێشەی گەلی کورد لە باشووری کوردستانێ چییە، بەتایبەتیی دژبەرانی سیستەمی ئۆلگارشیی، واتا سیستەمی گرووپێک تاکڕەو کە لەسەر حیسابی گەل بوونەتە ملیۆنێر و خۆیان سەپاندوە بەسەر دەزگا نیشتمانییەکاندا، دەڵێم نەبوونی کار و خەونی بەکۆمەڵە. لە ڕاستیدا، خەونەکان و کردەکان لای ئێمە، بەتایبەتیی لای ڕەخنەگر و دژبەرانی سیستەم، دۆخێکی زۆر نارسیستانەیان وەرگرتووە، بە ڕادەیەک 20 کەس نادۆزیتەوە ڕاستگۆیانە و دڵسۆزانە پێکەوە بتوانن کۆببنەوە و کردە و خەونی بەکۆمەڵیان هەبێت. لە بەرانبەردا، پارێزەرانی سیستەمی ئۆلیگارکی باشتر دەتوانن پێکەوە کاربکەن و خەون و کردەی هاوبەشیان هەبێت. کە بێگومان خەون و کردەکانیان دژ بە گەل و نیشتمان و مێژوومانە.
ئەو پەرەگرافەی خوارەوەم لە دۆکیومێنتارییەکە وەرگێڕاوە کە سەرنجەکەی سەرەوەم لێی هەڵێنجاوە:
ئۆلیگارشییەکان تەنیا تا ئەو ڕادەیە بەبەهێزی دەمێننەوە کە ئێمە خەونەکانمان بەکەسیی بکەین و ترسەکانمان بەکەسیی بکەین، و بەهۆیانەوە ئیفلیج دەبین، و لەسەر قەنەفەیەک گیردەخۆین و هەست دەکەین هیچ شتێک لەژێر دەستەڵاتی ئێمەدا نییە. ئەگەر هەر چانسێکی بەکۆمەڵ و کەسیی خۆئازادکردن و خۆئازادکردنمان هەبێت. کە لە کۆتاییدا خۆشی، شادی، بەختەوەریی ڕاستەقینە لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، تەنیا لەو ساتەدادەتوانین پێی بگەین کە دەڵێین (نا، من لێرە بە بێدەنگی دانانیشم تا بێدەستەڵاتیی خۆم بلاوێنمەوە. من دەچمە دەرەوە و هەوڵ دەدەم دونیا بگۆڕم. من لەوانەیە شکست بێنم هەروەک چۆن دەزانم ڕۆژێک دەمرم. بەڵام مردنم هەرگیز ڕێگریم لێناکات لە هەوڵدان و بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژێک بەتەواوی بژیم. کرداری بەکۆمەڵ، خەونی بەکۆمەڵ، مەرجی پێشوەختەن بۆ ئازادی).
[1]