#مەسعود بارزانی# لە #بەغدا# سەردانی سەرۆککۆماری ئێراقی کرد و جەختیان لە پتەوکردنی کاری هاوبەش و هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان لەپێناو تێپەڕاندنی کۆسپ و ئاڵنگارییەکان کردەوە.
لە درێژەی سەردانەکەی بۆ بەغدا ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە (#04-07-2024#) مەسعود بارزانی سەردانی #لەتیف ڕەشید#، سەرۆککۆماری ئێراقی فیدڕاڵ کرد.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە: لە دیدارەکەدا کە ژمارەیەکی زۆری سەرکردە سیاسییەکانی ئێراق ئامادەی بوون، سەرۆککۆماری ئێراق پێزانینی بۆ سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ بەغدا هەبوو و بە گرنگ و کاریگەر وەسف کرد لە قووڵکردنەوەی دیالۆگێکی بنیاتنەر لەنێوان لایەنە سیاسییەکان و هیوای خواست دەرئەنجامەکانی ئەو سەردانە خزمەتی سەقامگیریی و بەرژەوەندیی ئێراق بکات.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا باسی بارودۆخی گشتیی ئێراق و دواپێشهاتەکان کرا و جەخت لە پتەوکردنی کاری هاوبەش و هەماهەنگیی نێوان لایەنەکان لەپێناو تێپەڕاندنی کۆسپ و ئاڵنگارییەکان و بەردەوامیی ئەو کەشە ئەرێنییەی کە لە پڕۆسەی سیاسیی ئێراقدا هاتۆتە کایەوە. [1]